وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەکێتی و پارتی ترسیان لە کەمبوونەوەی دەنگەکانیان هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆیە تەمەنی پەرلەمان درێژدەکەنەوە و جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەوبارەیەوە سکاڵای لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان تۆمارکردووە.
رێبوار ئەورەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئار تی رایگەیاند، سکاڵای یاساییان لە دژی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمارکردووە، چونکە ئەم دوو کەسە پڕۆژە یاسای پەرلەمانیان خوێندوەتەوە و واژوویان کردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر لە
ماوەی چوار ساڵدا پەرلەمانی هەرێم نەیتوانیبێت
کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر دۆخی هەرێم دروستبکات ئەوا بە درێژکردنەوەی تەمەنی خولەکەی
بۆ ماوەی ساڵێک ناتوانێت گۆڕانکاری دروستبکات.
دەشڵێت، "لە پەرلەمانی
هەرێم کشاوینەتەوە و لە دامەزراویەکی نایاساییدا دەوام ناکەین."
ئەوەشی خستەڕوو، بەشدارییان
لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق نەکرد، چونکە دەیانەوێت راستگۆبن لەگەڵ خەڵک کە
ناتوانن گۆڕانکاری دروستبکەن. لە بەرامبەردا یەکێتی و پارتی تاکە هۆکاریان بۆ بەشداریکردن
لە حکومەتی عێراق ململانێکردنە لەسەر پۆستە وزارییەکان نەک بۆ بەرژەوەندی خەڵکی هەرێم.
سەبارەت بە جووڵەکانی پێکهێنانی
حکومەتی عێراق باسی لەوەکرد، لایەنە سیاسیەکانی عێراق ناکۆکیان لەسەر پۆستەکانی وەزارەتی ناوخۆ و نەوت هەیە بەڵام پۆستە
وزارییەکانی دیکە یەکلاییکراونەتەوە و ئەگەری هەیە لە هەفتەی داهاتوو رابگەینرێت.
دەشڵێت، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک
لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر نییە کە ئایا ئەم حکومەتە بە سەرکەوتوویی
پێکدەهنرێت بەهۆی ئەو کۆ دەنگە جیهانییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق. رەوتی سەدریش
چاوەڕێدەکەن تاوەکو ببینن کە حکومەتەکەی محەمەد شیاع گۆڕانکاری دروست دەکات یاخود
نا.
رێبوار ئەورەحمان ئاماژەی
بەوەشدا، یەکێتی و پارتی ترسی ئەوەیان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو رێژەی دەنگیان
کەمبکات و لە هەمانکاتدا ترسیان لە هەڵسەنگاندنی باشی خەڵک هەیە بۆ جووڵانەوەی نەوی
نوێ.
لە بارەی بەهای دۆلاری ئەمریکی وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقدا
رایگەیاند، هەڵگەڕانەوەی سیاسی و ئابوری لە عێراقدا زۆرە، بەڵام بانکی ناوەندی هیچ
نیازی کەمکردنەوەی بەهای دۆلاری نییە و کەمکردنەوەی بەهای ئەو دراوەش تەنها لە دەستی
ئەواندایە.
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی
عێراق سوودی لە بەرزی بەهای دۆلار بینیوە و چارەسەری کورتهێنانی بودجەی پێکردووە و
چەندین قەزری جیهانی داوەتەوە، هاوکات نرخی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزکردووەتەوە.