سەردێڕ:

خوێندکارانی زانکۆی قوم ناڕەزایەتییان بەرامبەر وتەبێژی حکومەتی ئێران دەربڕی

PM:10:25:25/10/2022

4160 جار خوێندراوەتەوە

لە زانکۆی قوم لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێک لە لایەن وتەبێژی حکومەتی ئێرانەوە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بە وتنەوەی دروشمی "ژن – ژیان - ئازادی" ناڕەزایەتییان دەربڕی.


بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت خوێندکارانی زانکۆی قوم بە دروشمی"ژن – ژیان - ئازادی" ناڕەزایەتی دژ بە عەلی باهادۆری جەهرومی دەردەبڕن کە بە سەردانێک چووەتە شارەکە و لە کۆنفراسێکدا لەو زانکۆیە قسەی بۆ ئامادەبووان کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێش لە چوارچێوەی پێشکەکردنی گوتارێکیدا لە زانکۆی حاجی ناسر توسی لە تاران، لەلایەن خوێندکارانەوە ناڕەزایەتییان بەرامبەر عەلی باهادۆری جەهرومی دەربڕی.

لە رۆژی ١٣ی ئەیلول، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" ژینا ئەمینی کچە چالاکوانی تەمەن ٢٢ ساڵی کورد دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ژینا ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، لە کۆتاییدا، لە رۆژی ١٦ی ئەیلول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

تەرمی ژینا ئەمینی رۆژی ١٧ی ئەیلول لە شارۆچکەی سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروستبوو کە لە ماوەیەکی کەمدا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی شارە گەورەکانی کانی ئێرانی گرتەوە بە تارانی پایتەختتیشەوە کە تا ئێستا بەردەوامی هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران (HRANA)، لە نێوان ١٧ی ئەیلوول تا ١٤ی تشرینی یەکەم ٢٣٣ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٣٢ کەسیان منداڵ و ٢٦یان کارمەندی ئاسایشن.













گەلەری