PM:09:57:25/10/2022
10956 جار خوێندراوەتەوە
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی نیگەرانە لە هێرشەکانی ئەم دوایەی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە زیانی گیانی و ماددییان هەبوو. دەشڵێت، "هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم بە هەناردەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بۆ دەرەوە دەبینن".
ئەمڕۆ دووشەممە، جێنیفەر گاڤیتۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە دیدارێکی دامەزراوەی ئەتڵەنتیک کاونسڵ کە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا رایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانین.
ئاماژەی بەوەشدا،
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەک هەناردەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە
بۆ دەرەوە، دەیبینن.
وتیشی، "نیگەرانی خۆشمان
لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و داوامان لە حکومەتی
تورکیا کردوە لە ئۆپراسیۆنەکانیدا هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجام
بدات".
هەروەها، جێگری یاریدەدەری
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، چەندین گروپی چەکداری جیاواز لە عێراق بوونیان
هەیە و حەمەش پێشێلکاری سەروەری عێراقە و متمانەی خەڵک بە حکومەت لاواز دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی
رابردوودا ئێران و تورکیا چەندین جار بە بۆمبارانکردن و هێرشکردن بە درۆن و هێرشی
موشەکی، هێرشیانکردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و بیانوی هەردوو وڵاتیش بوونی هێزە
چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو دوو وڵاتەیە لە هەرێم. لە هێرشەکانیشدا چەندین جار
هاوڵاتی سیڤیل و ژن و منداڵ کوژراون و برینداربوون.