سەردێڕ:

لەبەر ئەم هۆکارانە شەوان چا مەخۆرەوە

PM:09:24:25/10/2022

54352 جار خوێندراوەتەوە

خواردنەوەی چا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک بەشێک لە رۆتینەکانی ژیانی رۆژانەی لێهاتووە و لەدوای هەموو ژەمەکان لە زۆرێک لە وڵاتاندا چا دەخورێتەوە، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی بەردەوام هۆشداری لە خواردنەوەی چا دەدەن لە شەواندا و ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێکە.


پسپۆڕانی تەندروستی باس لەوە دەکەن، دروستە خواردنەوەی چا بەتایبەتیش چای رەش هەم چێژێکی زۆری هەیە و هەم کوپێکی گەرم دەکرێت ئارامی بە کەسەکە ببەخشێت، بەڵام هەر لێرەدا ناوەستێت و بێ زیان نابێت بەتایبەتیش کاتێک شەوان بخورێتەوە.

تەندروستکاران و پسپۆڕانی خۆراکی جیهانی ئاماژەیان بە چەند کاریگەرییەک کردووە کە دەکرێت رووبدات کاتێک شەوان چا بخورێتەوە و بەم جۆرەیە:

یەکەم: کەمکردنەوەی رێژەی ئاسنی ناو خوێن، ئەگەر کەسێک کێشەی لە کەمی ئاسندا هەبێت، خواردنەوەی چا کێشەکەی بۆ زیاتر دەکات.

دووەم: گەڵاکانی چا بە شێوەیەکی سروشتی کافاینیان تێدایە و زیادەڕۆیی لە خواردنی کافاین جا لە چاوە بێت یان هەر سەرچاوەیەکی تر، لەوانەیە بەشداربێت لە هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و فشار و نائارامی بەتایبەتیش لە شەواندا.

سێیەم: تێکدانی سوڕی خەوتن، دووبارە بەهۆی زۆری کافین تێیدا، چا کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی خەوی ئەو کەسە دەبێت کە دەیخواتەوە، بۆیە پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە لە شەواندا و بەتایبەت لە کاتەکانی نزیک خەوتندا نەخورێتەوە.

چوارەم: دڵ تێکەڵ هاتن، کاتێک بە گەدەی بەتاڵ بڕێکی زۆر چا بخورێتەوە رەنگە هەستی دڵتێکەڵ هاتن بۆ کەسەکە دروست بکات و لەوانەیە ببێتە هۆی رشانەوەش.

پێنجەم: بۆ ئەم خاڵە بە شێوەیەکی گشتی پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە دایکان نابێت رێژەیەکی زۆری چا بخۆنەوە لە کاتی دووگیانیدا چونکە ئاڵۆزی زیاد دەکات و رەنگە مەترسی بۆ کۆرپەکە دروست بکات.

شەشەم: ئێمە هەموومان بیستوومانە کە خواردنەوەی چا سەرێشە کەم دەکاتەوە، بەڵام لە دۆخی زۆر خواردنەوەی چادا دەکرێت پێچەوانەکەی رووبدات و ببێتە هۆی سەرێشە.

جێگەی سەرنجە، چا لە سەردەمی کۆندا لە بواری پزیشکیدا سوودێکی زۆری لێ وەرگیراوە، بەتایبەتیش لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی شەکرە و قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەش.



ل.ل













گەلەری