سەردێڕ:

سودانی وادەی دانیشتنی پەرلەمانی بۆ پێدانی متمانە بە حکومەتەکەی ئاشکرا کرد

PM:08:15:25/10/2022

7944 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، محەمە شیاح سودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق داوایەکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمای عێراق کردووە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٧ی ١٠ی ٢٠٢٢ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریبکرێت بە ئامانجی متمانە بەخشین بە کابینەی حکومەتەکەی.


ئەمڕۆ سێشەممە، زید ئیسماعیل پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە شاری بەغدا ئاماژەی بەوەدا، محەمەد شیاع سودانی بە فەرمی داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و تیایدا رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەی وەک وادەی پێدانی متمانە بە کابینەی حکومەتەکەی دەستنیشانکردووە.

 

ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی رابردوو محەمەد شیاع سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق رایگەیاند، نزیکەی ٨٠٪ی کابینەی حکومەتی نوێی عێراق پێکهێنراوە و تەنها چەند پۆستێکی سیاسی ماوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەریەکە لە پۆستەکانی وەزیری نەوت و ناوخۆ کە پشکی لایەنە سیاسیە شیعە مەزهەبەکانن ناوکۆیان لەسەربوو و لەلایەنە سیاسیە سونە مەزهەبەکانیشەوە ناکۆکی لەسەر پۆستەکانی وەزیری پلاندانان و وەزیری بەرگری هەبوو.

باسی لەوەشکرد، دەکرێت یەکلایکردنەوەی ئەو پۆستانە کۆتایی هاتبێت یاخود لە گەڕی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە پۆستەکانی وەزارتی نەوت و ناوخۆ و پلاندانان و بەرگری یەکلایی بکرێتەوە.

پەیامنێری ئێن ئار تی وتیشی، ئەگەڕ رۆژی پێنجشەممە دانیشتنی پەرلەمان رێکنەخرا ئەوا رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو دیاریدەکرێت بۆ بەخشینی متمانە بە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق.

 

 

هاوکات، هەر ئەمڕۆ، چاوگێکی سیاسی ئاگادار ئاشکرایکرد، چوارچیوەی هەماهەنگی لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان رێککەوتوون بەشێوەیەک هاوپەیمانی فەتح چوار وەزارەت وەردەگرێت کە بریتین لە وەزارەتەکانی گواستنەوە و کار و سەرچاوەکانی ئاو.

وتیشی، هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا وەزارەتەکانی نەوت و کشتوکاڵ و گەنجان و وەرزش وەردەگرێت.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ وەزارەت وەزیرەکانیان لەلایەن محەمەد شیاع سودانییەوە دیاری دەکرێن کە ئەوانیش وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و کارەبان.

دەشڵێت، ، لایەنە جیاکانی دیکەی ناوچوارچێوەی هەماهەنگی دیکە وەزارەتەکانی تەندروستی و پەیوەندییەکان وەردەگرن.

هەروەها، چاوگەکە ئەوەشی خستەڕوو، هاوپەمانێتییەکەی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان وەزارەتەکانی پلاندانان و پەروەردە وردەگرێت و هاوپەیمانێتییەکەی خەمیس خەنجەریش وەزارەتەکانی پیشەسازی و بازرگانی وەردەگرێت.

هاوکات، فازڵ موات، سەرکردەی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا چوار وەزارەت وەردەگرێت کە یەکێکیان وەزارەتی خوێندنی باڵایە، وتیشی پێدەچێت وەزارەتی گواستنەوە یان کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەربگرێت و ئەوەش پێویستی بە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان و محەمەد شیاع سوودانی هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ سەرجەم لایەنە شیعەکانی عێراق بەبێ بەرەی سەدر لە ماڵی عادل عەبدولمەهدی بەمەبەستی دابەشکردنی وەزارەتەکان کۆبوونەوە و بەهەماهەنگی و وتووێژ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی پێکهاتوون. هەروەها، دابەشکردنی وەزارەتەکان تا ئێستا بەفەرمی رانەگەیەنراوە و هیچ لایەنێکیش بەفەرمی ئەم دۆسییەیەی ئاشکرا نەکردووە.













گەلەری