لە سێیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینییەکاندا و دژی نەبونی خزمەتگوزاری و بوونی گەندەڵی خۆپیشاندان لە شاری بەغدای پایتەخت و نەجەف و کەربەلا دەستیپێکرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە شاری بەغدا گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا دروستبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، زیاد ئیسماعیل پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە شاری بەغدا ئاماژەی بەوەدا، لە گۆڕەپانی تەحریر لە شاری بەغدا تشرینییەکان خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشێکی
زۆری خۆپیشاندەران لە تشرینییەکان بوون و ژمارەیەک لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر
بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کرد.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی
لەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی چەندین جار هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا بڵاوە بە
خۆپیشاندەران بکەن، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان
دروستبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، هێزە
ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە بەرد و دار لە
خۆپیشاندەرانیانداوە و خۆپیشاندەرانیش ناچار گۆڕەپانی تەحریریان چۆڵکردووە و
لەبەرامبەردا بەردیان لە هێزە ئەمنییەکان گرتووە.
لەبارەی ئامانجی
خۆپیشاندانەکەشەوە، زیاد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشدا، خۆپیشاندەران دوای چاکسازی و نەهێشتنی
گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزارییان کردووە.
هاوکات، هەر ئەمڕۆ لە هەردوو
شاری نەجەف و کەربەلا لە سیێەمین ساڵیادی خۆپیشاندانی تشرینییەکان کە لە ساڵی
٢٠١٩دا روویدا و سەدان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە خۆپیشاندان ئەنجامدرا.
میدیا ناوخۆییەکانی عێراق
ئاماژەیان بەوەدا، دەیان کەس لەپردی باجەوە بەرەوە باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای
کەربەلا رێپێوانیان دەست پێکردووە و وێنەی کوژراوانی تشرینییەکانیان بەرزکردووەتەوە
و داوادەکەن لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە سامان و دەرامەتی گشتی دەدەزن و ناوی ئەوکەسانەش ئاشکرا بکەن کە دەستیان هەبووە
لە کوشتنی خۆپیشاندەراندا.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، دەیان
کەس لە لایەنگرانی تشرینییەکان لە نەجەف بەرەوە گۆرەپانی سەدریین رێپێوانیان ئەنجامداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا
خۆپیشاندانێکی پڕ تووڕەیی لە عێراقدا رویدا و چەندین مانگ بەردەوام بوو، هاوکات بەگوێرەی
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە ٥٥٠ خۆپیشاندەر کوژراون و ٢٢ هەزار کەسیش برینداربوون
کە تێیاندایە تووشی کەمئەندامی هەمیشەیی بوون و سەدان کەسیش رفێندراون و زیندانی
کراون و هەتا ئێستا بێسەروشوێنن.