جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ بەرگریکردن لە ژاپۆن و کۆریای باشور توانا سەربازییەکان بە ئەتۆمیشەوە بەکاردەهێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، وێندی شرمن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی سەردانەکێدا بۆ تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن بە جیا لەگەڵ چۆ هوین دۆنگ جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باشور و مۆری تاکەیۆ جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن کۆبوویەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوری بە
نابەرپرسیارانە، مەترسیدار و تێکدانی سەقامگیریی وەسفکرد.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ بەرگریکردن لە ژاپۆن و کۆریای باشور توانا سەربازییەکان
بە ئەتۆمیشەوە بەکاردەهێنن.
چۆ هوین دۆنگ جێگری وەزیری
دەرەوەی کۆریای باشور، نیگەرانی دەربڕی لەبارەی سیاسەتی نوێی ئەتۆمی کە مانگی
رابردوو لەلایەن ئیدارەی کۆریای باکورەوە پەسەند کرا .
مەترسی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی
زیاتر بووە.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە
کۆبوونەوەکەی نێوان وێندی شرمن و مۆری تاکەیۆدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و
ژاپۆن و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراوە و هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ
کارکردنی لە نزیکەوە بەرامبەر ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی چین.
شرمن و مۆری جەختیان لەوە کردووەتەوە، هەڕەشەکانی مۆسکۆ بۆ بەکارهێنانی ئەتۆم
لە جەنگی ئۆکرانیا هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی.