سەردێڕ:

دیاردەی خۆرگیران لە هەرێم کۆتایهات

PM:03:44:25/10/2022

3140 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە کاتژمێر ١٢:٥٩ خولەکی نیوەڕۆ خۆرگیرانی نیمچەیی لە هەرێمی کوردستان روویدا دوای دوو کاتژمێر و نیو کۆتایهات.


ئەمڕۆ سێشەممە، دیاردەی خۆرگیرانی نیمچەیی لە نیوەگۆی باکوری زەوی روویدا ئەو دیاردەیە لە هەرێمیش روویدا و ماوەی دوو کاتژمێر و نیو بەردەوامبوو.

رێکخراوە فەلەکناسییەکان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هۆشداریاندا لە روودانی خۆرگیران لە جیهاندا و ئاماژە بەوەشکرا خۆرگیرانەکە عێراق و هەرێمیش دەگرێتەوە.

هەر ئەمڕۆش وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بەهۆی خۆرگیران و پاراستنی خوێندکاران لە زیانەکانی سەریرکردنی راستەوخۆی دیاردەکە، لە کاتژمێر ١١:٤٥ خولەکدا دەوامی بەیانیانی راگرت و پشوی بۆ دەوامی ئێوارانیش راگەیاند.

وەزارەتی تەندروستیش هۆشداری دایە هاوڵاتیان لە تەماشاکردنی راستەوخۆی دیاردەکە لەلایەن هاوڵاتیانەوە و دەڵێت، ئەگەری زۆری هەیە ببێتە هۆکاری کوێربوون.

لەلایەکی دیکەشەوە کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەو رێگایانە کرد کە هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگایەوە خۆرگیرانەکە ببینن و رایگەیاند، دەتوانن لە رێگای ئۆنڵاین یان تەلەفیزۆنەوە وێنە و دیمەنی خۆرگیرانەکە ببینن.

خۆرگیران دیاردەیەکی سروشتی گەردوونییە ئەو کاتە روودەدات کە خۆر و مانگ و زەوی بکەوێتە سەر یەک هێڵ و بەمەش سێبەری مانگ دەکەوێتە بەشێکی ناوچەی زەوی و سێ جۆری خۆرگیرانیش تێیدا روودەدات ئەوانیش خۆرگیرانی تەواو و خۆرگیرانی ئەلقەیی و خۆرگیرانی نیمچەیی یە.













گەلەری