سەردێڕ:

بەهۆی دۆسیەی دیارنەمانی ٣.٧ ترلیۆن دینارەکە؛ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند کەسێک دەرچوو

PM:01:49:25/10/2022

7700 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەوڵی عێراق نووسراوێکی فەرمی بڵاوکردوە کە دادگای کەرخی دوو بڵاویکردووەتەوە و تێیدا بە تۆمەتی تێوەگران لە "دزی سەدە" فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ تۆمەتبار و فەرمانی رێگری گەشترکردنی بۆ نۆ کەسی دیکە دەرکردووە.


لە ١٠ـی مانگدا ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی بڵاوکردەوە کە لە رێکەوتی ١٢ی ١٠ی ٢٠٢٢ بە شێوەیەکی نهێنی ئاراستەی دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی کراوە و واژۆی تەیف سامی محەمەد بریکاری وەزیری دارایی بە وەکالەتی لەسەرە.

نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەداوە، "بە ئاماژەدان بە نووسراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیران ژمارە ٣٠٤٧/٢٢٩٤١٠٥ لە رێکەوتی ١١ی ١٠ی ٢٠٢٢ تەواوی وردەکارییەکانی دزین و دیارنەمانی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیۆن دینارتان بۆ دەنێرین".

لە نووسراوەکەشدا هاتووە، پارە دزراوەکە لە ئەمیندارێتی باجەکانی بانکی رافیدەین براوە و داوای لێکۆڵینەوە دەکات.

دوا بەدوای ئاشکرابوونی ئەم کەیسە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق لەبارەی دیارنەمانی ٣ ترلیۆن دینار لە بانکی رافیدەینی عێراق رایگەیاند، "رێگەنادەین سامانی عێراقییەکان بەفیڕۆ بڕوات و ببرێت وەک ئەوەی لە ئەمیندارێتی گشتی باجەکانی بانکی رافیدەین روویدا."

دواتریش، بانکی رافیدەینی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، لە بەدواداچوونی ئەو بابەتەی پەیوەندی بە دزینی بڕێک پارە لە هەژماری دەستەی گشتی باجەکان هیچ پەیوەندییەکی بە بانکەکەوە نییە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەوەی لەم دواییەدا باسی لێوەدەکرێت لە دیارنەمان و دزینی پارە پەیوەندی بە دەستەی گشتی باجەکان و هەژمارە بانکییەکانییەوە هەیە نەک خودی بانکی رافیدەین.













گەلەری