لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی شاری سلێمانی، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١٤٦ هەزار و ٨٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت و لە هەولێریش بە ١٤٦ هەزار و ٦٠٠ دینارە.
ئەم دابەزینەش تەنها لە سلێمانی، بەراورد بە رۆژانی رابردوو ٤٥٠ دینارە و بەراورد بە کۆتایی هەفتەی رابردوو نزیکەی هەزار و ٥٠٠ دیناری لە بەهاکەی لەدەستداوە و لە هەولێریش زیاتر لە ٦٥٠ دیناری بەهاکەی تەنها لە یەک رۆژدا لەدەستداوە و لە بەغدای پایتەختیش ١٤٦ هەزار و ٣٠٠ دینارە.
دوێنێ نرخی دۆلار لە بازارەکانی هەرێم دابەزینی بەرچاوی
بەخۆیەوە بینی و جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای
ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و هۆکارەکەشی بۆ چەند خاڵێک
دەگەڕێتەوە.
یەکەمیان خستنەڕووی دۆلارە بە رێژەیەکی زیاتر لەلایەن
بانکی ناوەندییەوە و تەنها بۆ ئەمڕۆ ٣٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلاری خستووەتە بازاڕەکانی
عێراقەوە کە ئەمەش وەک پاڵپشتی بۆ دیناری عێراقی خستنەڕوویەکی بەرزە و حەواڵەش ١٩٨
ملیۆن و ٥٧٦ هەزار دۆلار بووە بۆ دەرەوەی عێراق.
خاڵی دووەم پەیوەندی بە مامەڵەکردنەوە هەیە هێزی کڕین تا
ئاستێک لەسەر دۆلاری ئەمریکی کەمە، چونکە لەکاتی نزیکبوونەوەی سەری مانگ و وەرگرتنی
مووچەدا زۆربەی زۆری بانکەکان خستنەڕووی دۆلاریان زیاد دەکات و دۆلار بە بڕێکی زیاتر
دەفرۆشن و هەر کاتێک خستنەڕووی دۆلاریش لە بازاڕەکاندا زیادی کرد ئەوا ئاستی هێزی
کڕین لەسەری کەم دەبێتەوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی، بەشێکی دیکەی هۆکاری
دابەزینی نرخی دۆلار لە عێراقدا پەیوەندیدارە بەو دەنگۆیانەی لەبارەی پێکهێنانی
حکومەتی نوێی عێراقەوە بڵاودەکرێتەوە کە گوایە ویست هەبێت بۆ دابەزاندنی نرخی خستنەبازاڕی
دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، لە کاتێکدایە، پێشتر چەندین جار پارێزگاری بانک
و جێگیرەکەی روونکردنەوەیان داوە لەوەی گۆڕانکاری لە نرخی خستنەبازاڕی دۆلار ناکرێت.