پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی سادقون رایگەیاند، بە ئامانجی دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان میواندارییان دەکرێت.
سوهەیلە سوڵتانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سادیقون بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، واژۆی ٥٠ پەرلەمانتار کۆکراوەتەوە بە ئامانجی میوانداریکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی عێراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، میواندارییەکە
بۆ گفتوگۆکردنە لە بارەی هەوڵەکانی پەرلەمان بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار.
وتیشی، بەرزکردنەوەی نرخی
دۆلار کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی بژێوی هاوڵاتییان هەبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی
ئاستی هەژاری لە وڵاتدا.
هەر ئەمڕۆش، حەمید عەباس
شبلاوی پەرلەمانتاری عێراق نووسراوێکی پێشکەش بە نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
کرد کە ٤١ پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر کردووە و ئاماژەیان بەوەکردووە بەرزبوونەوەی
نرخی دۆلار کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر دۆخی ئابووری وڵات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند
رۆژێکە نرخی دۆلار دابەزینی بەرچاوی تۆمارکردووە و نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە
و ئەمڕۆ لە بەغدا بە ١٤٦ هەزار و ٣٠٠ دینار و لە هەولێر بە ١٤٦ هەزار و ٧٥٠ و لە
سلێمانی بە ١٤٦ هەزار و ٨٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
سیاسەتی دراو لە دەستی
بانکی ناوەندی عێراقیدایە و ئەوان بڕیار دەدەن کە نرخەکەی چەند بێت و لە ساڵی
٢٠٢٠دا گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا کراوە و لە ١١٩ هەزارەوە بەرزکرایەوە بۆ ١٤٥ هەزار
دینار.
لەماوەی رابردوودا، چەندین
جار پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و جێگرەکەی دڵنیاییان داوە لەسەر ئەوەی نرخی دۆلار
بە جێگیری لە ١٤٥ هەزاردا دەمێنێەوە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، چونکە بارودۆخی عێراق
هێشتا بە پێی پێویست باش نییە تاوەکو نرخی دراوی وڵاتەکە بەرامبەر دۆلار بەرزبکاتەوە
و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوری عێراق دەبێت.