سەردێڕ:

'لوتکەکەی بەغدا رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئابوری و ئاسایشی عێراق دەبێت'

PM:03:38:24/08/2021

2032 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لوتکەی بەغدا بۆ ھاوکاری و شەراکەت کە لە کۆتایی ئەم مانگە لە بەغدا دەبەسترێت، رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر ئابوری و ئاسایشی عێراق دەبێت.


عامر فایز ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، عێراق رۆڵی نیوەندگیریی دەگێرێت بۆ نزیککردنەوەی ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ یەکتر ناکۆکن و وتی، "عێراق توانیویەتی سعودیە و ئێران لەیەکتر نزیک بکاتەوە".

راشیگەیاندووە، لوتکەی بەغدا بۆ ھاوکاری و شەراکەت کە لە کۆتایی ئەم مانگە لە بەغدا دەبەسترێت، رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر ئابوری و ئاسایشی عێراق دەبێت و دەشڵێت، "سەرکەوتنی لوتکەکە، عێراق و وڵاتانی ناوچەکە لە بواری ئابوری و سیاسیی لێی سوودمەند دەبن".

چاوەڕان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا، کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغدا ببەسترێت کە ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپا بانگھێشتی لوتکەکە کراون لەنێویاندا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان.

پێشتر حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کردبوو کە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پرسی ئاسایش لە عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا بنیاتنانی ھاوبەشی ئابوریی.








گەلەری