سەردێڕ:

تەندروستى مەرجى پێدانى ژەمى سێیەمى ڤاکسینى کۆرۆناى دیارى کرد

AM:09:02:23/08/2021

10500 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەرى تەندروستى گشتى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق مەرجى پێدانى ژەمى سێیەمى ڤاکسینى کۆرۆناى بە هاوڵاتییان گرێدا بە رەزامەندى رێکخراوى تەندروستى جیهانى و ئەبدەیتە زانستییەکان لەو بوارەدا.


ئەمڕۆ دووشەممە، ریاز حیلفى، بەڕێوبەرى تەندروستى گشتى لە وەزارەتەکە لە لێدوانێکى بە رۆژنامەى سەباحى فەرمى راگەیاند "لەئێستادا ژەمى سێیەمى ڤاکسینى کۆرۆنا نادرێتە هاوڵاتیان و هەرکات ئەبدەیتى زانستى لەو بوارە کرا و رێکخراوى تەندروستى جیهانى پەسەندى کرد دەستدەکرێت بە پێدانى ژەمى سێیەمى ڤاکسینى کۆرۆنا.

حیلفى رونیکردەوە، ئەو دوو ژەمە ڤاکسینەى کە لە ئێستادا دەدرێتە هاوڵاتیان رێژەى کاریگەرییەکەى لەسەدا ٩٠ى تێپەڕاندووە و خۆپارێزیی و بەرگرییەکى زۆر باشى بەدەستهێناوە .

وتیشى "ئەم سیستمەش هەتا ئێستا لەلایەن رێکخراوى تەندروستى جیهانییەوە پشتى پێدەبەسترێت".

لێدوانەکە لە کاتێکدایە کە شارەزایانى رێکخراوى تەندروستى جیهانى لەو باوەڕەدان هیچ بەڵگەیەکى زانستى لەئارادا نییە ئەوە بسەلمێنێت کە پێدانى ژەمى زیاترى ڤاکسین بەرگری زیاتر پێشکەش بکات و رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە جێبەجێکردنى ئەو بیرۆکەیەش و پێدانى ژەمى سێیەم لەکاتێکدا کە ملیۆنەها کەس لە چاوەڕوانى پێدانى ژەمى یەکەمى ڤاکسینەکەن، هەنگاوێکى نائەخلاقییە.













گەلەری