سەردێڕ:

پێشبینییەک بۆ سەرلەنوێ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما

AM:08:40:23/08/2021

10420 جار خوێندراوەتەوە

دەستەى کەشناسى و بومەلەرزەزانى عێراق رایگەیاند، لەچوارچێوەى ئەو شەپۆلە گەرمایەى لەم هەفتەیەدا رووى لە وڵات کردووە پلەکانى گەرما بەرزدەبنەوە.


عامر جابرى وتەبێژى دەستەى کەشناسى و بومەلەرزەزانى عێراق لە لێدوانێکى بە ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى وت "لەسەرەتاى ئەم هەفتەیەدا پلەکانى گەرما بەرزبوونەوە و هەتا کۆتایى هەفتەش پلەکانى گەرما هەر بە بەرزى دەمێننەوە".

رونیشیکردەوە، ناوچەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق زۆرتر کاریگەر دەبن بە بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما بەجۆرێک پلەکانى گەرما لە ناوچەکانى ناوەڕاست دەگەنە ٤٨ پلە و لە ناوچەکانى باشوریش پلەکانى گەرما دەگەنە ٥٠ پلە.

بەوتەى جابرى هێشتا عێراق لەژێر کاریگەرى ئەو شەپۆلە گەرمایەی کە لەسەرەتاى مانگى حوزەیران دەستى پێکردووە و لە کۆتایى مانگى ئاب کاریگەرییەکەى کەم دەکات.

ئاماژەى بەوەش کرد چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتاى مانگى ئەیلولدا گۆڕانکاریى لە کەشوهەوا و پلەکانى گەرما رووبدەن و لە کۆتایى ئەم مانگەشدا لیژنە هاوبەشەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ و بەرگرى شارستانى و دەستەکە دەستبەکار دەبن بۆ تاتوێکردنى پلانى بارانبارین لە وەرزى زستان و بەراوردکردنی بە وەرزى بارانبارینى ساڵانى رابردوو .













گەلەری