سەردێڕ:

مستەفا کازمی: هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا و بێ ساختەکاریی بەڕێوەدەچێت

AM:09:33:22/08/2021

2208 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێکی پێشوەختدایە و پابەندیش دەبن کە لە وادەی خۆی و لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، مستەفا کازمی لەگەڵ شاندێکی باڵای حکومیدا روویان لە وڵاتی کوەیت کرد و بەر لە سەردانەکەشی رایگەیاند، هەموو رێوشوێنەکانیان گرتووەتەبەر تا هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا و بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.

مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵدەدەن پرۆسەکە ببێتە دیموکراسیترین پرۆسەی سیاسی لە مێژوی عێراقدا.

دوێنێش، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر کاتی هەڵبژاردندا نایەت و بە هاوکاری دوو کۆمپانیای کۆری و ئەڵمانی و دەزگای هەواڵگری، بۆ جاری دووەم و سێیەم سێرڤەرەکانی هەڵبژاردن پشکنینى بۆ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.

بڕیارە رۆژى ١٠ى مانگى ١٠ى ئەمساڵ، هەڵبژاردن لە عێراق بەرێوەبچێت جگە لەوەى کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانى تەواوکردووە، هەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و یەکێتى ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانى جیهان جگە لە هاوکاریی ماددى نوێنەرى تایبەتى خۆیان دەنێرنە عێراق بە مەبەستى چاودێریکردنى پرۆسەکە و رێگرییکردن لە ساختەکاریی.

لە درێژەی قسەکانیدا مستەفا کازمی باسی لەوەشکرد، سەردانەکەی بۆ کوەیت بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگی ئابوری و سیاسی و وزە و وەبەرهێنان و چەند دۆسێیەکی تر کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات دەکەن.








گەلەری