سەردێڕ:

تەندروستى پرسى بەکارهێنانى ژەمى سێیەمى ڤاکسینى کۆرۆناى یەکلایى کردەوە

AM:11:44:21/08/2021

6936 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى عێراق رایگەیاند، لە پرۆتۆکۆڵە زانستییەکاندا ئاماژە بە بەکارهێنانى دوو ژەمە ڤاکسین کراوە هەرچەندە لە بەشێک لە وڵاتان ژەمى سێیەم بەکاردەهێنرێت.


سەیف بەدر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى عێراق لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقییە ئاماژەى بەوە کرد " پرۆتۆکۆڵى پەیڕەوکراو لە زۆربەى وڵاتان بریتییە لە پێشکەشکردنى دوو ژەمە ڤاکسین کە کاریگەرییەکەشیان سەلمێنراوە".

رونیشیکردەوە "سەرجەمى ئاماژە زانستییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بەکارهێنانى دوو ژەمە ڤاکسین بەرگرییەکى باش بەرهەمدەهێنێت و بەڕێژەى ٩٠-٩٥% هاوڵاتیان لەتوشبوون بە پەتاکە دەپارێزێت".

بەدر ئاماژەى بەوەش کرد کە لەهەندێک دۆخدا کەسى کوتراو بە ڤاکسین توشى کۆرۆنا دەبێت و لەو حاڵەتانەشدا پێویست ناکات لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت.

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە وەزارەتەکە لە ئێستادا بە رەچاوکردنى رێنماییەکانى رێکخراوى تەندروستى جیهانى پەیڕەوى لە بەکارهێنانى دوو ژەمە ڤاکسین دەکات و هەر گۆڕانکارییەکیش رووبدات بەشێوەیەکى فەرمى رایدەگەیەنن.

رۆژى ١٨ى ئابى ٢٠٢١، دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمەریکا رایانگەیاند، ئەو کەسانەی کە ماوەی هەشت مانگ بەسەر وەرگرتنی ژەمە ڤاکسینی دووەمیاندا تێپەڕیوە، ژەمە ڤاکسینی سێهەمییان پێدەدرێت.

هاوكات ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند "لە ئێستادا بەرەو پێشچوون هەیە لە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاوڵاتیانەوە و بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین زیادیکردووە."

ئاسۆ حەوێزی لەبارەی پێدانی ژەمە ڤاکسینی سێیەمەوە لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەى ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، "لە ئێستادا پلانمان نییە ژەمی سێیەم بدەین بە هاوڵاتیان چونکە ژمارەیەکی کەمی هاوڵاتیان ڤاکسینیان وەرگرتووە لە هەرێم و هەوڵدەدەین رێژەکە زیاتر بکەین، دواتر بە هاوکاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێکاری دیکە دەگرینەبەر".








گەلەری