توێژەرانی ئوسترالی رایانگەیاند، جۆرە ئاژەڵێکی دەگمەنی شیردەریان دۆزیوەتەوە کە بەشێوەیەکی نائاسایی لە کاتی سوتانی دارستانەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٩ -٢٠٢٠ رزگاری بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەندرۆ بیکر مامۆستا لە زانکۆی کویزلاند بۆ تەکنەلۆجیا رایگەیاند، "٢١ ئاژەڵمان لەو جۆرە ئاژەڵە دەگمەنە دۆزیوەتەوە لەو ناوچانەی ساڵی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ بەهۆی کەوتنی ئاگرەوە سوتاون و بەشێکیشیان لەو ناوچانەدا دۆزراونەتەوە کە نەسوتاون. ئەمە رووداوێکە شایستەی شۆکبوونە".
ئاژەڵەکە دەگمەنە و لە جۆری شیردەرەکانن و مێیەکانیان هاوشێوەی کەنغەر، تورەکەی
هەڵگرتنی بێچووەکانیان هەیە و نێرەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی لە وەرزی زاوزێدا بەهۆی
دەردانی رێژەیەکی زۆری هۆرمۆنی تستۆستیرۆنەوە گونەکانیان دەئاوسێن و بەهۆی ئەمەشەوە
ناتوانێت هۆرمۆنی کۆرتیزۆل کە بەر پرسە لە راگرتنی هاوسەنگی جەستە، بەشێوەیەکی پێویست
و ئاسایی دەربدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونی جەستە و دواجار دەمرێت.
لەگەڵ سوتانی بەشێکی زۆری دارستانەکان و شوێنی گەشتیاری بۆڵبۆرینی نیشتیمانی
لە خۆرهەڵاتی کویزلاند کە شوێنی مانەوەی ئەو جۆرە ئاژەڵانەبوو، زانایان نیگەرانبوون
لەوەی ئاگرەکە بەتەواوەتی هەموویانی لەناوبردبێت.
ئەم جۆرە ئاژەڵە بەشێوەیەکی سەرەکی ژیانی لەسەر خواردنی مێرووەکان و جاڵجاڵۆکەکان
بەندە.
بەگوێرەی زانایانی ژینگە، مێیەی ئەم جۆرە ئاژاڵە بە دەگمەن بتوانێت سێجار
زاوزێ بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئاژەڵەکە خۆی لەو جۆرانەیە کە تازە دۆزراونەتەوە و بۆلێن
کراون، کە و زانایان لە ساڵی ٢٠١٣ توانیان ئاژەڵەکە بناسێنن.