سەردێڕ:

دەرئەنجامەکانی لوتکەی سێقۆڵی نێوان 'ئێران رووسیا تورکیا' لە تاران چی بوو؟

PM:01:19:20/07/2022

4220 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەسەر ئاستی باڵا و لەنێوان هەر سێ سەرۆکی ئێران و رووسیا و تورکیادا لەتارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدرا.


ئەمەش لەکاتێکدایە، لەدوای دەستپێکردن و ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنەکانی روسیا لە مانگی شووباتی ئەمساڵدا بۆ سەر ئۆکرانیا ئەمە دووەمین گەشتی ڤلادیمێر پۆتینە بۆ دەرەوەی وڵات.

لەکۆبوونەوەکەدا پوتن رایگەیاند هەڵدەستن بە کردنەوەی رێگای ناردنەدەرەوەی بەرهەمەکانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لەڕێگەی دەریای رەشەوە و وتیشی ، "بەرەوپێشەوەچوونی باش هەیە."

جەنگی نێوخۆیی سوریا تەوەرێکی دیکەی بابەتی کۆبوونەوەکە بوو کە گفتووگۆی لەبارەوەکرا و میدیا جیهانییەکان باسیان لەوەکردووە، ئەم کۆبوونەوەیە بایەخێکی گرنگی هەبوو بۆ پۆتین هەتا لەڕێگایەوە دەریبخات کە هێشتا هاوپەیمانێتی ڕووسیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوامە.

دوابەدوی کۆبوونەوەکە ئایەتوڵا علی خامنەیی مەرجەعی باڵای ئێران لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتین گفتوگۆیان کرد و خامنەیی جەختی کردەوە کە پێویستە مۆسکۆ و تاران پەیوەندییەکانیان بەهێزتر و توندوتۆڵتر بکەنەوە.

خامنەیی بە پۆتینی "وت ئەگەر تۆ جەنگت رانەگەیاندایە ئەوا لەیەنی بەرامبەر جەنگی لەدژ رادەگەیاندی."

لای خۆیەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند سەردانی کردنی سەرکردەکانی رووسیا بۆ ئێران ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە رووسیا لە خەوی غەفڵەت بەخەبەرهاتووە و ئێستا دەزانێت دوای داگیرکارییەکانی ئۆکرانیا چەندە پەراوێز خراوە، وتیشی، "داگیرکرنی وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و هاوسنورت دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوڕێکانت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، تورکیاو ئێران هەریەکە لەلایەکەوە خاڵی ناکۆکیان هەیە لەگەڵ رووسیادا وەک تورکیا و رووسیا دژ هەڵوێستن سەبارەت بە کێشەکانی هەردوو وڵاتی سوریا و لیبیا و هەریەکەیان لە هەوڵی فراوانخوازی دەسەڵاتیاندان لە باشووری قەوقاز و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش هاوکاری ئۆکرانیان بۆ هێرشکردنە سەر سوپای رووسیا. سەبارەت بە ئێرانیش هەمیشە کێبەڕکێی روسیا دەکات لەبازاڕی جیهانی وزەدا.

لەماوەی رابردوودا تورکیا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کردووە دژی هێزە کوردییەکانی خۆسەری دیموکرات کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێن و لەکۆبوونەوەکەشدا گفتووگۆی ئەم بابەتە کراوە و ئێران و رووسیا دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە کە ئەردۆغان بەنیازی درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام بووە بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەرتر لەسنوورەکانی لەگەڵ سووریادا.

ئەردۆغان وتویەتی، "من دڵخۆشبووم بەوەی ئێوە لەگرفتی ئاسایشی تورکیا دەگەن بەڵام بەتەنها وشە بەس نییە و لەو بروایەدابووم یارمەتیدەرمبن لە جەنگی دژی تیرۆر."

لەکۆبوونەوەکەدا گفتووگۆی بوارەکانی بازرگانی و وزە و گواستنەوە و ناکۆکییەکانی سوریا کراوە و پۆتین باسی لە بەهێزتر کردنی جوڵە ئابوورییەکانی کردووە لەگەڵ چین و ئێران و وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەرهاڵستییەک بۆ سزاکانی رۆژئاوا.

هاوکات، زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی کۆبوونەوەکە وەک پەرچەکردارێک لەبەرامبەر سەردانیکردنی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا پێناسەدەکەن بۆ هەریەک لە وڵاتانی سعودییە و ئیسرائیل و وەک نیشاندانی لەدەستنادانی متمانە و هاوڕێ و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان لێکی دەدەنەوە.













گەلەری