سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. گۆڕی بەکۆمەڵ لە ئەفغانستان

AM:09:06:23/06/2022

3100 جار خوێندراوەتەوە

لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە تێیدا ساتی بەخاکسپاردنی ژمارەیەک هاوڵاتی ئەفغانییە کە بەهۆی بومەلەرزە بەهێزەکەی ئەو وڵاتەوە گیانیانلەدەستداوە و بەهۆکاری زۆری تەرمەکانەوە گۆڕی بەکۆمەڵیان بۆ ئامادەکراوە.


بەرپرسانی فەرمانگەی بومەلەرزەزانی ئەفغانستان رایانگەیاند، بەهۆکاری ئەوەی بومەلەرزەکە ٦.١ پلەبووە بە پێوەری رێختەر، نزیکەی هەزار کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە ٦٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆییانەی تەلەفیزیۆنی فەرمی ئەفغانستان بڵاویکردوونەتەوە، لە ناوچەیەکی شاخاوی دورە دەست لەو وڵاتە بەهۆی روودانی بومەلەرزەوە چەندین خانوو بەتەواوەتی داڕماون و ژمارەیەک تەرم کەوتوون و چەندین کەسی دیکەش لە ژێر داروپەردووی خانووە داڕماوەکاندا گیریان خواردووە.

بەرپرسانی تەندروستی و تیمەکانی فریاگوزاری باس لەوەدەکەن، بەهۆکاری ئەو بارانە بەخوڕەی دەبارێت و ئەو داڕمانەی لە زەویدا روودەدات بەهۆی بارانەکەوە، گەیشتن بەو ناوچانە سەختە و ئەمەش وای کردووە نەتوانن وەک پێویست فریای ئەو ناوچانە بکەون کە بومەلەرزەکە تێیدا روویداوە و بریندارەکان رزگاربکەن.

لەلایەن خۆیەوە وتبێژی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ئاشکرای کرد، چەند تیمێکی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن "ئەمبولانس" و هەلیکۆپتەریان رەوانەی ئەو ناوچانەکردووە کە بومەلەرزەکە تێیاندا روویداوە، بەڵام بەهۆکاری ئەو بارانە بەخوڕەی لەو ناوچانەدەبارێت هەلیکۆپتەرەکان نەیانتوانیوە بنیشنەوە و کارەکانی خۆیان ئەنجامبدەن.

دوێنێ چوارشەممە، لە هەرێمی بەکتیکا لە لە خۆرهەڵاتی ئەفغانستان بومەلەرزەیەک روویدا و محەمەد نەسیم حەقانی سەرۆکی فەرمانگەی کارەساتەکانی ئەفغانستان رایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٢٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

دەستەی روپێوی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە ساڵی ٢٠٠٢ لە دوای ئەو بومەلەرزەیەی لە شاری خۆست لە باشوری ئەفغانستان روویدا، ئەمە یەکەمجارە بومەلەرزەی بەهێزی لەو شێوەیە لەو وڵاتە رووبدات و ئەو کارەساتەی لێبکەوێتەوە.













گەلەری