سەردێڕ:

موقتەدا سەدر: هۆکاری کشانەوەمان لە گۆڕەپانی سیاسی بەهۆی ئێرانەوە نەبووە

PM:02:16:22/06/2022

10404 جار خوێندراوەتەوە

رێبەری رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ جاری یەکەم باس لەوە دەکات کە ئێران کاریگەری لەسەر هیچ لایەنێکی شیعی دروست نەکردووە و دەشڵێت، "ئەوانەی باس لەوەش دەکەن کە کشانەوەمان بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە بووە، بابەتێکی تەواو ناڕاستە."


موقتەدا سەدر دەشڵیت، هەندێک لایەنی عێراق پێشێلکاری بەرامبەر دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق دەکەن و دەیانەوێت بە ویستی خۆیان ئاڕاستەی بکەن.

داوا لە هەموو فراکسیۆنەکان دەکەم هەڵوێستی ئازایانەی خۆیان یشان بدەن لە پێناو چاکسازی و رزگارکردنی نیشتیماندا و شوێن گوشارەکانیان نەکەون، چونکە ئەوە وەک کەفی سەر ئاوە و زوو بەسەر دەچێت.

باسی لەوەشکردووە، هەندێک لە باڵەکانی ئێران دەیانەوێت دادگاکانی عێراق وا لێ بکەن لە بەرژەوەندی ئەواندا کار بکات و گوشار دەخەنە سەر فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکە چ سەربەخۆکان بێت یان فراکسیۆنە نا شیعییەکان، بەتایبەتیش کە سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانە.

دەشڵێت، "من سوپاس بۆ خودا ئەوەندە ئازایەتیم تێدایە، کە بەشدار نەبم لە دەسەڵاتێک کە ئەوەی هەیە لە عێراق لەناوی ببات، بەڵام هەندێک لە هێزە عیراقییەکان دەترسن لە زیادبوونی گوشار و دەرکردنی بڕیاری دادگایی و دەرکردنی درۆ لە دژیان."

ئەوەش لەکاتێکدایە زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە حکومەتى نوێ پێکبهێنرێت و ١٣ى ئەم مانگەش فراکسیۆنى سەدر کە خاوەنى ٧٣ کورسى بوون دەستیان لەکار کێشایەوە.


 

 













گەلەری