ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە ئاکامی بومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئەفغانستان کە گوڕەکەی ٦.١ پلە بووە، تا ئێستا ٩٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی زۆری بریندارەکانەوە ئەگەر بەرزبوونەوەی رێژەی گیانلەدەستدان بەرزە.
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای زۆری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیاتر لە ٢٥٠ کەس بریندارن و ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی رێژەی گیانلەدەستدان.
بوومەلەرزەکە لە دووری ٤٤ کیلۆمەتر لە پارێزگای خۆستی سەر سنووری پاکستان روویداوە و بە گوڕی ٦.١ پلەی رێختەر بووە و قوڵییەکەی ٥١ کیلۆمەتر بووە و بەهێز و ماوە درێژ بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، بەهۆی
بەهێزی بومەلەرزەکەوە لە چەندین وڵاتی چواردەوری هەستی پێکراوە و بەگوێرەی سەنتەری
بومەلەرزەزانی ئەوروپی، "بومەلەرزەیەکی بەهێز و ماوە درێژ بووە."
چەند گرتە ڤیدیۆییەک لە پارێزگای پاکتیکای نزیک
سنووری پاکستان دیمەنی گواستنەوەی قوربانییەکان بۆ ناو هێلیکۆپتەرەکان نیشاندەدەن بۆ
ئەوەی لە ناوچەکە بگوازرێنەوە و وێنەکان روخانی خانوەکان و وێرانبوونیان
نیشاندەدەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی
٢٠١٥دا بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستنی گرتەوە و زیاتر لە ٢٠٠
کەس لە ئەفغانستان و باکووری پاکستانی دراوسێی بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و بوومەلەرزەیەکی
هاوشێوەی ٦.١ لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە باکووری ئەفغانستان نزیکەی هەزار کەسی کوشت و لە
ساڵی ١٩٩٨ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.١ پلەی رێختەر و دواتر چەند بومەلەرزەیەکی دیکە
کە شێوەی زنجیرەیان هەبوو لە باکووری رۆژهەڵاتی دوور لە ئەفغانستان لانیکەم چوار
هەزار و ٥٠٠ کەسی کوشت.