سەردێڕ:

نوێنەری ئیدارەی خۆسەر: داوامان لە هەرێم کردووە دەستەکانی پشت کوشتنی فەرهاد شبلی ئاشکرابکرێن

PM:06:54:21/06/2022

13856 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر کوژرانی فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەر لە هێرشە درۆنییەکەی تورکیا لە کەلار، داوای روونکردنەوەیان لە حکومەتی هەرێم کردووە و دەشڵێت، "تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووەتەوە."


ئەڤین سوێد نوێنەری ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، فەرهاد شبلی بە فەرمی هاتووەتە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری تەندروستی و ماوەیەک لێرە بووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

دەشڵێت، "فەرهاد شبلی هەرێمی وەک ماڵی خۆی سەیرکردووە و لەگەڵ چارەسەردا، سەردانی کەسوکار و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانی کردووە لە هەرێم، بە تایبەت لە کەلار، ئێمە ئەوە وەک مافێکی خۆمان دەبینین کە لێرە پەیوەندی دروست بکەین بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمە لە هیچ شوێنێکی جیهان قەدەغە نییە."

نوێنەرەکەی ئیدارەی خۆسەر لە چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنی فەرهاد شبلی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان "کارێکی چاوەڕوان نەکراو بووە کە هێرشێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت، تەنانەت خەڵکی کەلاریش چاوەڕوانی هێرشێکی لەو شێوەیە نەبوون."

نوێنەرەکەی خۆسەر لە هەرێم، داواش لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بۆردوومانەکانی حکومەتی تورکیا لە خاکی عێراق.

دەشڵێت، "پێویستە لە بەغدا و لە هەرێمی کوردستانیش هەڵوێست هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانە، چونکە ئەمە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە و کەلاریش شوێنێکی زۆر دوورە لە سنوری تورکیا، ئەمە جێی پرسیار و گومانە کە چۆن ئەو هێرشە لەوێ ئەنجامدراوە."

باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی بە فەرمی داوایان کردووە کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکرێت و هۆکار و دەستەکانی پشتی ئاشکرابکرێن، بەڵام بەداخەوە لە رێگەی پەیوەندی شەخسییەوە هەندێک هەڵوێست هەبووە بۆ شەهیدبوونی فەرهاد شبلی، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

سەرباری تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر بۆردوومانەکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە سنووری قەزای کەلار، کە تێیدا فەرهاد شبلی و سێ کەسی دیکە کوژران، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هیچ راگەیەندراوێکیان لەسەر ئەو هێرشە نەبووە.













گەلەری