سەردێڕ:

نزیکەی نیو ملیۆن لیتر بەنزینی ٦٩٠ دیناری گەیشتووەتە سلێمانی و دابەشنەکراوە

AM:10:23:21/06/2022

3664 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیاری پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە شەوی رابردووەوە نزیکەی نیو ملیۆن لیتر بەنزینی ٦٩٠ دیناری گەیشتووەتە عەمباری سوتەمەنی لە عەربەت بەڵام تائێستا لە تەنکەرەکان وەرنەگیراوە و دەست بەدابەشکردنی نەکراوە.


ئەمرۆ سیشەممە، گۆران لوقمان پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، دوای وەرگرتنی بەنزین لە عەمباری سوتەمەنی عەربەت، دواتر دەست بە دابەشکردنی بەنزینەکە دەکرێت بەسەر بەنزینخانەکاندا، بەڵام بەهۆکاری وەرنەگرتنی ئەو بەنزینەی لە شەوی رابردووەوە گەیشتووەتە عەمبارەکە، بەنزینە ٦٩٠ دینارییە لە سلێمانی دەست بەدابەشکردنی نەکراوە.

وتیشی، ١١ بارهەڵگر کە هەریەکەیان ٣٦ هەزار لیتر بەنزینیان تێدایە و لەپاڵاوگەی کارەوە بۆ سلێمانییان هێناوە کە دەکاتە ٤٠٠ هەزار لیتر بەنزین بەنرخی ٦٩٠ دینار.

یەکێک لە شۆفێرانی بارهەڵگرەکان کە بەنزینیان بۆ سلێمانی هێناوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان نازانن قسە لەگەڵ کێدابکەن تا بەنزینەکەیان لێوەرگرن. وتیشی، دەست بەدەستییان پێدەکرێت و بەنزینەکەیان لێوەرناگیرێت.

بۆ ئەم بابەتە ئێن ئاڕ تی چەندین جار پەیوەندیکردووە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بۆچی ئەم بەنزینە کە نرخێکی هەرزانە بە زووی وەرناگیرێت و ناگەیەنرێتە بەنزینخانەکان تا بگاتە شۆفێران، هیچ کەسێک وەڵامی پەیوەندییەکانی ئێن ئاڕ تییان نەدایەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەندین مانگە بە پلان و بە مەبەست حکومەتی هەرێم دەستی کردووە بە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بە شێوەیەی پلەبەندی، بەشێوەیەک نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە ٤٥٠ دینارەوە گەیشتە ١٢٠٠ دینار. دوا بەدوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، وەک یەکەم هەنگاو، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دابەشکردنی بەنزینی هەرزانی بە ٦٥٠ دیناری لە سەر جەم ناوچەکانی هەرێم دەستپێکرد، لەلایەن خۆشیانەوە بەشێک لە شۆفێرانی تاسکی لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەستیان بەخۆپیشاندان کرد. دوا بەدوای دابەشکردنی بەنزینە هەرزانەکەی نەوەی نوێ و فشارەکان، حکومەتی هەرێم نرخی بەنزینی دابەزاند.














گەلەری