سەردێڕ:

بەڕیتانیا بڕیاریدا دامەزرێنەری ویکیلیکس رادەستی ئەمریکا بکاتەوە

PM:11:34:17/06/2022

5120 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، بڕیاری رادەستکردنەوەی دامەزرێنەری ویکیلیکس، جولیان ئەسانجی واژۆ کرد.


وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "دوای هەڵسەنگاندنی دادگای سزادان و دادگای باڵای بەریتانیا، لە ١٧ی حوزەیراندا بڕیاردرا جولیان ئەسانج، رادەستی ئەمریکا بکرێتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەسانج ١٤ رۆژ ماوەی هەیە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات.

ماڵپەڕی ویکیلیکس، کاردانەوەی دژی ئەم بڕیارە نیشانداوە و لە راگەیەندراوێکی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەمڕۆ رۆژێکی رەشە لە مێژووی ئازادی رادەربڕین و دیموکراسییەتی بەریتانیادا. هەموو کەسێکی ئازادیخوازی ئەو وڵاتە پێویستە هەست بە شەرمەزاری بکات لە بەرامبەر بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ رادەست کردنەوەی جولیان ئەسانج بە ئەمریکا".

لە راگەیەندراوی ماڵپەڕەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تانە لە بڕیارەکە دەدەن.

لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا ئەسانج لە بەریتانیا بەندکراوە و ئەگەر رادەستی ئەمریکا بکرێتەوە ئەوا ئەگەر هەیە بە ١٧٥ ساڵ زیندانی، سزا بدرێت.

هۆکاری ئەم سزایەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوبراو هەزاران بەڵگەی لەسەر سوپای ئەمریکا بلاوکردوەتەوە کە لە عێراق و ئەفغانستان "تاوانی جەنگ"یان ئەنجامداوە.













گەلەری