سەردێڕ:

ئێران زیاتر لە ٢٧ کامێرای ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەکوژێنێتەوە

PM:09:09:09/06/2022

3140 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، چەند کامێرایەکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیی لەکارخستووە کە چاودێری سایتە ئەتۆمییەکان دەکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، ٢٧ کامێرای ئاژانسی وزەی ئەتۆمییان لەکارخستووە و وتوشیانە هەماهەنگی ئێران بەهۆی نیازباشییانەوە بووە، بەڵام ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیی بەجۆرێک لەو هەنگاوەی ئێرانی روانیووە وەک ئەوەی هەماهەنگییەکە ئەرکێک بێت و لەسەر شانی ئێران بێت.

بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی رەشنووسە بڕیارەکەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی نێودەوڵەتییدا بڕیاریان داوە بە لابردنی کامێراکانی چاودێری ئاژانسەکە و وتیشی هەماهەنگییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسەکەدا بەتەواوی خۆبەخشانە بووە و سەرجەم ئەو پرۆتۆکۆڵانەشی تێپەڕاندووە کە وڵاتەکە پەسەندی کردبوو، بەڵام رەفتاری ئەو ئاژانسە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئێران ئەمریکا و سێ وڵاتی دیکەی ئەوروپی بە هاندانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە دژی ئێران تۆمەتبارکردووە و هۆشداری دەدەن کە ئێران بەم شێوەیە ناتوانێت لە هەماهەنگی بەردەوام بێت.













گەلەری