سەردێڕ:

ناتۆ لەم ناوچەیەی نزیک لە روسیا مانۆڕی بەرگریی ئاسمانی ئەنجام دەدات

PM:09:57:07/06/2022

1924 جار خوێندراوەتەوە

ناتۆ بەمەبەستی پەرەدان بە بەرگریی ئاسمانی پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک مانۆڕێکی سەربازی ئەنجام دەدات.


ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رێکخراوەکە بەمەبەستی پەرەدان بە بەرگریی ئاسمانی پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک مانۆڕێکی سەربازی ئەنجام دەدات.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە مانۆڕە سەربازییەکەدا کە ناوی"Ramstein Legacy 2"ی لێنراوە و بڕیارە لە نێوان ٦-١٠ی حوزەیران بەڕێوەبچێت و فڕۆکەی جەنگی و سیستمەکانی بەرگریی مووشەکی و بەرگریی ئاسمانی تیایدا بەکاردەھێندرێت.

راگەیەنراوەکەی ناتۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو، جگە لە پۆڵەندا هەریەک لە وڵاتانی لیتوانیا، لاتیڤیا و ئیستۆنیا، ١٧ وڵات کە له‌ ھاوپەیمانەکانی ناتۆ و ھاوبەشەکانی پێکھاتوون بەشداری لە مانۆڕەکەدا دەکەن.

راگەیەندراوەکە باسی لەوەشکردووە، لە دوای ھێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەکارھێنانی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فرۆکەی جەنگی لە نزیک سنوورەکانی وڵاتانی ھاوپەیمانییەکە زیادیکرووە، ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھێرشەکانی سەر ناوچەی ناتۆ و ئەگەرەکانی وەکو بە ھەڵە لێکدانەوە و کۆنترۆڵ لەدەستدان زیادیکردووە.

ھاوکات، جێف ھاریجن فەرماندەی فەرماندەیی ھێزی ئاسمانیی ھاوپەیمانی ناتۆ، دەربارەی مانۆڕەکە راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەمنی ئێستای دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە، ئیتر مانۆڕی بەرفراوانی لەم جۆرە له‌ ئێستادا لە ھەموو کات زیاتر بۆ ناتۆ گرنگه‌".

ئاماژەی بەوەش کردووه‌ ، له‌رێگه‌ی مانۆڕه‌كه‌وه‌ توانای ناتۆ بۆ پاراستنی ناوچەکەی خۆی زیاد دەکات و مانۆڕەکە هاوكات ئاماژەیه‌ بۆ پابه‌ندیی ناتۆ به‌ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.













گەلەری