سەردێڕ:

وەزیری دارایی عێراق: ئەگەر لەگەڵ هەرێم رێکنەکەوین پشکی ١٢٪ هەرێم و هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نانێردرێت

PM:08:28:06/06/2022

4516 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەگەنە رێککەوتن، ئەوا بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ناچارییان دەکات پشکی ١٢٪ بوجەی هەرێم و هەر کۆمەکی و بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێم نەنێرن.


ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە ناچاریان دەکات پشکی ١٢٪ هەرێم نەنێرن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر لەگەڵ حکومەتی هەرێم رێکنەکەون و حکومەتی هەرێم داهات و بڕی ئەو نەوتەی لەسەری رێککەوتوون رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکات، ئەوا ناتوانن هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێم بنێرن.

وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، فرۆشتی نەوتی هەرێم نایاسایی بووە و چیدیکە ناتوانن لە بودجەی گشتی هیچ بڕە پارەیەک و پشک بۆ هەرێم جێگیر بکرێت، ئەگەر ئەم دۆسیەیە یەکلایی نەکرێتەوە و نەوت بەتەنها رادەستی  کۆمپانیای سۆمۆنەکرێت.

هەروەها، لەبارەی پڕۆژەی یاسای پشتیوانی کردنی ئاسایشی خۆراکەوە، عەلی عەلاوی ئەوەشی ئاشکرا کرد، یاساکە هیچ پشکێکی بۆ هەرێمی کوردستانی تێدانییە و هیچی بۆ دیاری نەکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رێکەوتی ١٥ی شوباتی ئەمساڵدا دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا فرۆشتنی نەوت و غاز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نادەستورییە و پێچەوانەی یاسایە.

دوابەدوای بڕیارەکەش، حکومەتی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێم کرد، تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی و داهاتی ٥٠٪ خاڵە سنورییەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات.

لەبەرامبەردا، حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری هەرێم رایانگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی نادەستوری و نا یاساییە و خودی دادگای فیدڕاڵی نادەستورییە و حکومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەکەی نابێت.













گەلەری