سەردێڕ:

بایدن: سیستەمێکی موشەکی نادەینە ئۆکرانیا بتوانێت هێرشی پێ بکاتە سەر روسیا

PM:07:07:30/05/2022

2564 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە ئەمریکا هیچ سیستەمێکی موشەکی ناداتە ئۆکرانیا کە بتوانێت هێرشی پێ بکاتە سەر روسیا.


ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە بڵاویکردەوە، لێدوانەکانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی سیستەمی موشەکییەوە دوای ئەوە هاتووە کە چەند راپۆرتێک باسیان لەوەکردووە کە گوایە ئەمریکا بەنیازە سیستەمی موشەکی بداتە ئۆکرانیا.

دوو رۆژ لەمەوپێش و دوای دزەکردنی بابەتی ئەوەی ئەمریکا بەنیازە سیستەمی موشەکی دوور مەودا بداتە ئۆکرانیا لەلایەن چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە، روسیا هۆشدارییەکانی نوێی دەرکرد و رایگەیاند، کە ئەم جۆرە هەنگاوانە توڕەکردنێکی بەمەبەست دەهێنێتە بوون و دۆخەکە قورستر دەکات.

هاوکات، ئانتۆلی ئەنتۆنۆف باڵوێزی روسیا لە واشنتۆن هۆشداری دایە ئەمریکا بە نەدانی موشەکی دوورمەودا بە ئۆکرانیا و وتیشی، وڵاتەکەیان پێی وایە کە ئەمریکا بە شێوەیەکی دروست بیر لەو بابەتە دەکاتەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدات.

ئەنتۆنۆڤ ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە مۆسکۆ بە بەردەوامی لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسیەکانەوە بە واشنتۆنی وتووە کە پێدانی چەکی نوێ بە کیێڤ مەترسی زیادبوونی ناکۆکییەکان زیاتر دەکات.

باڵوێزەکەی روسیا باسی لەوەشکردووە، ئەمریکییەکان دەزانن کە هەنگاوی لەو جۆرە رێگرە لە پرۆسەی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و ئاستی گرژییەکان زیاتر دەکات.

لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیاوە بۆ سەر خاکی دراوسێ رۆژئاواییەکەی کە ئۆکرانیایە، ئەمەریکا و هەروەها چەندین وڵاتی ئەوروپا تانک و سیستەمی بەرگری و دژە تانک و فڕۆکە و هەروەها مووشەک و ئۆتۆمبێلی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی رووسیا دەدەنە ئۆکرانیا.

 


ل . ل

کـ -ئـ













گەلەری