سەردێڕ:

دژی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کورد لە بەڕیتانیا؛ سکاڵا تۆمارکرا

PM:05:32:26/05/2022

5168 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی سەبارەت بە راگرتنی ژمارەیەک پەنابەری کورد لە گرتوخانەکانی بەریتانیا کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە دیپۆرتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بکرێنەوە، سکاڵای ئاراستەی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران کردووە.


لە نووسراوێکدا، کە وێنەیەکی دەست ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن کەوتووە، دەشتی جەمال سکرتیری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی سکاڵای ئاراستەی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی نەتەوەیەگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران کردووە لەبارەی راگرتنی ژمارەیەک پەنابەر بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان.

لە نوسراوەکەدا کە ئاراستەی دادگای ئەوروپا کراوە دەڵێت، "بەفەرمی ئەم سکاڵایەتان ئاراستە دەکەین  لەبارەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی کورد بۆ هەولێر بەشێوەی زۆرەملێ لەبەرواری ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢ دا و لە ئیستادا ١٥ پەنابەر تیکتی بەزۆر ناردنەوەیان وەرگرتووە، لە کاتێکدا زۆرینەیان زیاد لە ٢٠ ساڵە لە وڵاتی بەریتانیا ژیانیان دامەزراندوە و خاوەنی ژن و منداڵن و رەگەزنامەی بەریتانیان هەیە.

هەر لەنامەکەدا هاتووە، "ئیمە بڕوامان وایە ئەم هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا بەدوای سەردان و دانیشتنی نێوان پریتی پاتێڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا هاتۆتە ئاراوە."

لە کۆتای سکاڵاکەشدا داوادەکات، "دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، ناردنەوەی زۆرە ملێی پەنابەرانی کورد ئیدانە بکەن و حکومەتی بەریتانیا بەرپرس بکەن لە رێزگرتن لە پەیماننامە جیهانیەکان لەبارەی مافەکانی پەنابەران و بڕیاری جنێڤی ١٩٥١."

 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئیستادا زیاد لە ٤٠  پەنابەر کە زۆرینەیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن، لە ژمارەیەك لە گرتووخانەکانی بەریتانیا ڕاگیراون و وابڕیارە دیپۆرتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بکرینەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی کەمپینێکی راگەیاندوە لە پێناو رێگریکردن لە دیپۆرت کردنەوەی ئەو پەنابەرانە و ئازادکردنیان.













گەلەری