سەردێڕ:

بەهۆی ململانێی حزبییەوە رێگری دەکرێت لە دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگای هەولێر

PM:12:14:23/05/2022

5364 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی نزیک لە سەرۆکی نوێی دادگای تیهەڵچوونەوەی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو هێزێکی کۆماندۆ چوونەتە سەر ماڵەکەی و هەڕشەیان لێکردووە کەنابێت لە پۆستە نوێیەکەی دەستبەکاربێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێکی نزیک لە دادوەر ئومێد موحسین، سەرۆکی نوێی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو هێزێکی کۆماندۆ چووەتە سەر ماڵی ئەو دادوەرە و هەرەشەیان لێکردووە کە نابێت دەستبەکار بێت لە پۆستە نوێیەکەی.

ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیاری بوون بەسەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی دادوەری "ئومێد موحسین" دەرچووە و تەنها ئەوەی ماوە موباشەرە بکات و دەست بەکارەکەی بکات.

چاوگەکە دەشڵێت، تا ئێستا "برایم خۆشناو" سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر ئامادەنییە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، رێگری و هەڕەشەکە لە ئەنجامی ئەو ململانێ حزبییەیە کە لەناو پارتیدا بوونی هەیە. دادوەر "ئومێد موحسین" سەرۆکی نوێی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەوە دەستنیشان کراوە و دانراوە و دادوەر "برایم خۆشناو" سەرۆکی ئێستای دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە دانراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ موراد سورچی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، لەدادگای تێهەڵچوونەی هەولێر، هێزێکی ئەمنی کەبەشێکیان پۆشاکی رەشیان لەبەردابوو رێگرییان کرد لەمەراسیمی ئاڵوگۆڕی سەرۆکی دادگا و لابردنی سەرۆکی ئێستا و دەستبەکاربوونی دادوەری نوێ وەک سەرۆکی دادگاکە.

ئەوەشی خستبووەڕوو، بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان لەو کاتەی دادوەر "ئومێد موحسین"، رووی لەدادگای تێهەڵچوونەوە کردووە بۆ ئەوەی وەک سەرۆکی نوێی دادگا کاری خۆی بکات، هێزێک کەپێشتر لەناو دادگا نەبینراون رێگری دەکەن لەوەی دادوەرە نوێکە دەستبەکاربێت.

شایەتحاڵەکان باسیان لەوەکردووە، سەرۆکی دادگا کە بڕیاری لابردنی دراوە، برایەکی لەناو هێزە ئەمنییەکان کاربەدەستەو پێدەچێت لەسەر داوای خۆی براکەی ئەو هێزەی بردبێتە ناو دادگا، چونکە قبوڵی نەبووە شوێنەکەی خۆی جێبهێڵێت.

بڕیاری گۆڕینی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دوای ئەوەی دێت، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری دادوەران لەئەنجومەنی داوەری هەرێمی کوردستان بەنوسراوی ژمارە ٢٧٩ کە لە رۆژی ١٥ی ٥ی ٢٠٢٢ دەرچووە، بڕیاری کۆتایهێنان "بەئینتداب کردنی" واتە لابردنی "برایم ئیسماعیل" وەک سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر، دانانی "دادوەر ئومێد موحسین" بەک سەرۆکی نوێی دادگای تێهەڵچوونەوە، کە پێشتر وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری بووە.

لەپاڵ ئەو رووداوەدا، چاوگێک بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، ئەو رووداوەی لەناو دادگا روویداوە، گەڕاندییەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشە زیاتر پەیوەندی بەکێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو پارتیەوە هەیە وەک لەوەی کێشەیەکی ئاسایی نێوان دوو دادوەر بێت.

دوابەدوای رووداوەکەش، لەلایەن خۆیەوە دادوەر "برایم اسماعیل حمد" سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر لە راگەیەندراوەکەدا باسی لەوەکردووە، چونکە ئەوان دادوەرن و لە دادگادا کاردەکەن پێویستە رێکارە کارگێڕییەکان یاسایی بن و دەشڵێت، "بە پێچەوانەوە بڕیاری گۆڕانکاریەکەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچه‌ی هەولێر کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری ئەنجام دراوە نایاساییە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی دروستکردنی خاڵێکی رەش لەسەر سەروەری یاسا و پڕۆسەی دادوەری و وەک مافێکی یاسایی خۆی تانەی لە بڕیارەکە داوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نزیکترین کاتدا راستیەکانی پشت کردارە "نایاساییەکانی" سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری کە چۆن بووە بۆ رای گشتی رووندەکاتەوە.

دەشڵێت، "من ئامادەم بۆ هەر گۆڕانکاریەک کە بەڕێگای دروست و یاسایی ئەنجام بدرێت."

لەبارەی بابەتی چوونی هێزێکی پۆلیس بۆ ناو دادگا بە مەبەستی رێگریکردن لە گۆڕانکاریەکە، ئاماژەی بەوەکردووە، بابەتەکە هیچ بنەمایه‌کی نییە و دوورە لە راستی و بابەتەکە ئەوەیەک کە شاندێکی بیانی سەردانی دادگایان کردووه‌ و ماوەیەک لەلایان ماونەتەوە و چەند دیدار و گفتوگۆیه‌كیان ئه‌نجامداوه‌ وه‌ ئەو پۆلیسانه‌ بۆ پاراستنی شانده‌کە له‌وێ بوون‌ .

 

 

هێرش قادر - هەولێر













گەلەری