سەردێڕ:

کاردانەوەی چین لەبارەی سەردانەکەی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا

AM:10:57:23/05/2022

3724 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، ستراتیجی دیپلۆماسی ئەمریکا لە کیشوەری ئاسیا شکست دەهێنێت. دەشڵێت، "ئەمریکا دەیەوێت ئاسیا دابەش بکات."


وانگ یی ئان وەزیری دەرەوەی چین بە ئاژانسی هەواڵی شینخوای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەو ستراتیجیەی ئەمریکا لە ئاسیا پەیڕەوی دەکات و ناوی لێناوە ستراتیجی ئۆقیانوسی هیندی و ئۆقیانووسی هێمن لە راستیدا ستراتیجێکە بۆ دابەشکردنی ئاسیا.

دەشڵێت، ورووژاندنی گرژییەکانی ئەو کیشوەرە و کەمکردنەوەی ئاشتی بەشێکە لە ستراتیجی نوێی ئەمریکا و لە کۆتایشدا ئەو ستراتیجیە شکست دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا دەیەوێت لە رێگای سەردانەکانی جۆ بایدنەو بۆ کیشوەری ئاسیا بە ناوی سەربەخۆیی و ئازادییەوە کوتلە و هەرێمی بچوک دروستبکات و چین بە ئامانج بگرێت.

لایخۆشیەوە، کۆشکی سپی رایگەیاند، سەردانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەل وڵاتانی کیشوەری ئاسیا.

هەروەها، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چین لەبارەی تایوانەوە یاری بە ئاگر دەکات.

وتیشی، ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەرگریکردن لە تایوان لە دژی هێرشەکانی چین.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە وەڵامدەداتەوە ئەگەر چین هێرشبکاتە سەر تایوان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا گەشتێکی بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا دەستپێکردووە و بەنیازە سەردانی چەند وڵاتێک بکات و لەبارەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕوبوونەوەی جوڵەکانی چین گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە بکات.













گەلەری