سەردێڕ:

ئەو ڤیدیۆیەی بەهۆیەوە مۆرگان فریمان چوونە ناو روسیای لێ قەدەغەکرا

PM:11:42:22/05/2022

9092 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئێوارەی رۆژی شەممە ناوی ٩٦٣ هەزار کەسی دیکەی ئەمریکی راگەیاند کە رێگەیان پێنادرێت بچنە ناو خاکی روسیاوە و لەناو ناوەکانیشدا جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و مارک زوکەربێرگ و چەندین کەسی دیکە بوونیان هەیە و یەکێک لەوانەش مۆرگان فریمان گەورە ئەکتەری ئەمریکییە.


بەگوێرەی لیستی ئەو ناوانەی بڵاوکراونەتەوە، چەندین بەرپرسی حکومی و پەرلەمانتار و چەند کەسی دیکەش بوونیان هەیە لە کۆمەڵگەی مەدەنییدا کاردەکەن و یەکێک لەوانەش ئەکتەری بەناوبانگی جیهانی مۆرگان فریمانی تەمەن ٨٤ ساڵە.

بەگوێرەی راپۆڕتێکی سکای نیوزی ئینگلیزی، قەدەغەکردنی فریمان هۆکارەکەی گرتەڤیدیۆییەکە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧ و تێیدا دووپاتی دەکاتەوە کە روسیا سەرقاڵی پلانگێڕییەکە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەشکردووە، مۆرگان فریمان ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەبارەی دەستێوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ی ئەمریکا و لەو کاتەشدا وتویەتی، "ئێمە لە حاڵەتی جەنگداین و هێرشمان کراوەتە سەر."

لەبەرامبەر سزاکانیشدا، کۆشکی سپی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بە تەنزەوە ئاماژەی بەوەکردووە، هیچ کەسێک پلانی گەشتکردنی نییە بۆ روسیا و دەشڵێت، بە هەڵە مۆسکۆ سزای بەسەر بایدندا سەپاندووە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی ٨٨ رۆژە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکردووە و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا روسیا تۆمەتبار دەکەن بە دەستدرێژی کردن بۆ سەر خاک و سەروەری وڵاتانی دیکە و چەندین سزای ئابورییان بەسەردا سەپاندووە.













گەلەری