سەردێڕ:

زانیاری لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستانەوە

PM:06:53:22/05/2022

7056 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی رانەگیراوە و بەردەوامن. دەشڵێت، "کەشوهەوای کوردستان بڕیار لەسەر وەستاندنی گەشتەکان دەدات".


ئەمڕۆ یەکشەممە، تاهیر عەبدوڵا بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی رانەگیراوە و بەردەوامن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوبەرایەتی کەشوهەوای کوردستان بڕیار لە وەستاندنی گەشتەکان دەدەن.

هەروەها، حسێن جەلیل وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، تەواوی فڕۆکەخانەکانی وڵات دادەخرێن لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە وڵاتەکە کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆڵبارینەکە لە ئەمشەو یەکشەممەوە دەستپێدەکات و لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و بایەکیش لەگەڵیدا دەبێت کە هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری لەناوچەکانی باکوری رۆژئاوا و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوا و بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور.

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن باسی لەوەشکردووە، تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە شەپۆلەکە دەیگرێتەوە و لە بەیانی رۆژی ٢٤ی مانگدا بە تەواوی کۆتایی پێدێت لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق.

حسێن جەلیل دەشڵێت، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ناوچەکە دەگرێتەوە کاریگەری لەسەر هەریەکە لە ئیماڕات و ئەردەن و سوریا و عێراق و بەحرەین و تەنانەت عەمانیش دەبێت و بەگوێرەی پێشبینییەکان زۆرترین زیان بەر بە سعودییە دەکەوێت بەهۆی چالاکی باوە کە دەگاتە ٧٠ بۆ ٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

لە هەمانکاتدا، لەبارەی عێراقەوە باسی لەوەکردووە، دۆخەکە ئارامتر دەبێت بەراورد بە سعودییە بەهۆی ئەوەی خێرایی با ٥٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تێپەڕ ناکات.

 

 

گۆران لوقمان، سلێمانی 













گەلەری