سەردێڕ:

خۆپیشاندەران دەرگای کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانییان داخست

AM:09:25:15/05/2022

5380 جار خوێندراوەتەوە

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی زانکۆی سلێمانی دەرگای کەمپی نوێی زانکۆکەیان داخست و رێگەنادەن خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران بچنە ناو زانکۆکەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی زانکۆی سلێمانی دەرگای کەمپی نوێی زانکۆکەیان بەڕوی خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەراندا داخست.

مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چەندین جار رێگەی مەدەنی و ئاشتییان تاقیکردووەتەوە ئەنجامێکی نەبووە، دەیانەوێت لەم رێگەوە فشار بخەنە سەر دەسەڵات.

مامۆستایەکی دیکەی زانکۆ وتی، پێویستە پرسیار لە دەسەڵات بگرێت بۆ چی گوێ بۆ مامۆستایانی زانکۆ و فەرمانبەر و خوێندکار و خانەنشین و سەرجەم توێژە ناڕازییەکانی کۆمەڵگە ناگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، کە داخستنی دەرگای زانکۆ لەسایە ئەم حکومەتەدا باشترە لە کردنەوەی، چونکە زانکۆ ناتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێبکات.

دەشڵێت، "حکومەت یەک شتی دەوێت، مامۆستایانی زانکۆ خۆی بچوک بکاتەوە و بێ بڵێ ئەوەندە بڕە پارەم پێیە و موچەم وەرنەگرتووە. هەربۆی بچمە ناو زانکۆ یان نەچم هیچ کارێک نییە بیکەم، ئەوەشی دەیکەین ئەنجامێکی نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی قفڵی لەدەرگای کەمپی کۆنی زانکۆکەدا و مامۆستایان و فەرمانبەران دەڵێن تا موچەکانیان وەرنەگرن و داوکارییەکانیان جێبەجێنەکەن لە بایکۆت کردنی دەوام بەردەوام دەبن.

هەروەها، ئەحمەد محەمەد مامۆستای کۆلێژی زانستی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ لە نزیک کاتژمێر سێی دوانیوەڕۆدا، مامۆستا زەنگین ئەبوبەکر ئەو مامۆستایەی قفڵی لە دەرگای زانکی سلێمانی دا لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستگیرکراوە، دەشڵێت، "ئەو مامۆستایە دەستگیرکراوە و نەفڕێندراوە."


گۆران عەبوڵا - سلێمانی














گەلەری