سەردێڕ:

فوئاد حسێن باس لە رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا دەکات

PM:02:39:24/04/2022

12004 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانەی بانگهێشتکردنی بۆ پەرلەمانی عێراق لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە سەبارەت بە بەزاندنی سنورەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد تەنها یەک رێککەوتن بوونی هەیە کە دەڵێت تورکیا دەتوانێت تەنها پێنج کیلۆمەتر بێتە ناو عێراقەوە.


فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تەنها یەک کۆنووس بوونی هەیە لەنێوان عێراق و تورکیادا کە لە ساڵی ١٩٨٤دا لەلایەن تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمی عێراقەوە واژوو کراوە.

بەگوێرەی کۆنووسەکە، رێگە دراوە تورکیا پێنج کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە بەڵام بە مەرجێک کە ٧٢ کاتژمێر پێشتر عێراق ئاگادار بکاتەوە و پاش ٧٢ کاتژمێریش بکشێتەوە.

باسی لەوەشکردووە، ئەم کۆنووسە تەنها بۆ ساڵێک نوسراوە و جگە لەوەش هیچ رێککەوتننامەیەکی دیکە لەنێوان عێراق تورکیا نییە بۆ هاتنە ناوەوەی تورکیا.

دوێنێ، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، سبەی یەکشەممە حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی هەفتەیەک دەبێت تورکیا دەستپێکی ئۆپەڕاسیۆنێکی سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا راگەیاند بۆ سەر ناوچەکانی چیای مەتینا و ئاڤاشین و هەرێمی زاپ و بابەتەکە کاردانەوەی لەناو سیاسییەکانی عێراقدا دروست کرد، بەڵام هیچ کام لە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم هیچ راگەیەندراوێکیان لەو بارەیەوە نەبووە.













گەلەری