سەردێڕ:

ڤیدیۆ: ساتی تەقینەوەی پاسێک لەتورکیا

AM:10:46:20/04/2022

74960 جار خوێندراوەتەوە

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، پاسێکی گواستنەوەی زیندانیان لەشاری بۆرسای تورکیا تەقێنرایەوەو تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەرووداوەکە رانەگەیاندووە.


له‌ كاتی تێپه‌ڕینی پاسێک کە پاسه‌وانانی گرتووخانه‌ی له‌ بورسا ده‌گواسته‌وه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك رووی دا و به‌هۆیه‌وه‌ فه‌رمانبه‌رێك گیانیلەدەستداو چواری دیكه‌یش بریندار بوون.

له‌ گه‌ڕه‌كی یه‌نی كارامان له‌ شه‌قامی رێگای پیشه‌سازی مودانیا له‌ كاتی تێپه‌ڕینی پاسه‌كه كه‌ پاسه‌وانانی گرتووخانه‌ی له‌ بورسا ده‌گواسته‌وه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ رووی دا.

هاوکات، تائێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە رێکەوتی ١٩ی ٤ی ٢٠٢٢، دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر هێرشەکانی تورکیا بەردەوامییان هەبێت ئەوا شەڕ بە هەموو ناوچەیەکدا بڵاودەکەنەوە ودەیبەنە ناو گەورە شارەکانی تورکیاش.

هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە لەماوەی دوو رۆژی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەدوای دەستپێکی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ٤٤ سەربازی تورکیایان کوشتووە کە شەشیان پلەداری سەربازین و ٣٢ سەربازی تورکیاش برینداربوون.

لەبەرامبەردا، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوەکردووە، لە دەستپێکی ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکانیانەوە تا ئەمڕۆ ٢٦ ئەندامی پەکەکەیان کوشتووە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، دوای دوو رۆژ لە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای میت، وەزارەتی بەرگری تورکیا ئۆپەڕاسیۆنێکی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ناوی لێناوە "کلیل چنگ" و تێیدا ناوچەکانی مەتینا و زاپ و ئاڤاشینی بە چڕی بۆردوومان کرد.

لە بەرامبەردا، هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" رایگەیاند، سوپای تورکیا هێرشەکانی لە هێڵی باکورەوە نییە و بەڵکو لەباشورەوە دەستی پێکردووە و لە هێڵی بامەڕنێ ئامێدییەوە فڕۆکەکان دەفڕن و لە شێلادزێوە هێرشدەکرێتە سەر هەرێمەکانی زاپ.

هەپەگە کە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستانە باسی لەوەشکردووە، تورکیا دەیەوێت لەرێگەی هێلیکۆپتەرەوە سەربازەکانی لە ناوچەکانی زاپ جێگیر بکات و فڕۆکەش بە ئاسمانی ناوچەکاندا دەسوڕێتەوە و هێرشی چریان بۆ سەر ناوچەکان دەستپێکردووە.

دەشڵێت، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکانی شەوی رابردوودا، لە ناوچەی زاپ هەشت سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە.

هاوکات، میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان باس لەوە دەکەن،پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی زۆرییان بە ئاڕاستەی ناوچەکانی شێلادزێ و دێرەلوک جوڵاندووە کە دەکەونە سنوری ناوچەی کوڕەژارو، لە کاتێکدا شەڕێکی قورس لە نێوان هێزەکانیان و سوپای تورکیا دەستی پێکردووە.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاند، چەند دەنگۆیەک هەیە کە بەتەواوی دژی بەرژەوەندییەکانی گەلن لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و دەشڵێت، "ئەگەر پارتی چالاکانە بەشداریی شەڕەکە بکات، ئەوا شەڕەکە بە باشوریشدا بڵاودەبێتەوە." 

 













گەلەری