ئەو یانانەی بە سەرکەوتنی یانەیەکی تر دڵخۆشن

PM:02:18:27/02/2022
3952 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

دڵخۆشکەرە؛ کاتێک دەبینین ژمارەیەک لەو یانانەی کە لەساتی سەرکەوتنی یانەیەکی تر ئاهەنگ دەگێڕن و هەتا پێیان بکرێت وشەی جوان و شانامەی ڕەنگین دەکەن بەبەر سەرکەوتنەکانی، تائێرە دڵخۆشکەرە و ئەو گیانە وەرزشیە بەرزە لەم جۆرە کاردانەوە جوانانەدا هیوای گەورە دەکاتە بەر پێشکەوتنی وەرزش لەهەر ناوچەیەکدا بێت.

ئەوەش ئاساییە کاتێک یەکێک لەیانەکانی ناو خولێک، جا هەر پلەیەک بێت، کەوتۆتە ناو ڕکابەریەکی سەخت بەرامبەر بە چەند یانەیەکی تر، دەکرێت ژمارەیەکیان بەشکستهێنانی دڵخۆش بن و لەڕێگای سۆشیال میدیاوە کەیف و خۆشی دەرببڕن، ئەم کاردانەوەش ڕەنگە بەهۆیململانێی قورس و بەهێزی بەریەککەوتنیان بووبێت.

بەڵام ئەوەی کە بەلای منەوە گرنگە و جێی سەرنجە، کاتێک یانەیەک دڵخۆشە بەسەرکەوتنەکانی یانەیەکی تر، خۆئەگەر لەیەک خولدابن، دەکرێت پارێزگاری لەو خۆشەویستی و هاندانە بکات کە بۆ تیپی بەرامبەر هەیەتی، تا بیسەلمێنێ ئەو هاندان و خۆشەویستیەی کە پێشکەش بەیانەی بەرامبەری کردبوو، هەڵقوڵاوی ناخی بوبێت، نەوەک لەساتی بەریەککەوتنیان بێن؛ هەموو ئەو تەباییەی نێوانیان بکەن بە هەڵم و بارتەقای سەرسامی و چەپڵە ڕێزان وهاندانیان ڕق و قینەو ململانێیەکی ناتەندروست بکەن سیمای هەندەرانیان بەرامبەر بەیەکتری.

خۆئەگەر یانەیەکیش هاندانی خۆی بەوشە و دێڕی جوانی ناوسۆشیال میدیا زۆر بۆیانەیەک دووبارە کردەوە کە لەیەک خولیشدا نەبوون، گرنگە و جێگەی ڕێزە کە لەخۆشەویستی و دڵسۆزیانەوە بێت، بەڵام هەر پێهەڵا گوتن و هاندانێک ببێتە هۆکاری توندکردنی نێوان ئەو یانانەی کە ململانێیەکی قورس لەنێوانیاندا هەیە، کارێکی باش نیەو خۆشکردنی ئاگری نێوان ڕکابەرە دژبەیەکەکان زیاتر دەکات، بێئەوەی هەستی پێبکەن.

ئەگەر ئەو یانانەی کە هێندە سەرسامی یەکترین و خۆشەویستیەکی لەڕادە بەدەریان بەرامبەر بەیەکتری هەیە، ئەوە وەرزشی کوردستان و ئەوە خولەکان؛ فەرموون، ڕۆژ زۆر ماون و یەکتری دەبینینەوە، هەموو ئەو یانانەی کە برایەتی و دۆستایەتی و دڵسۆزی بۆیەکتری دووبارەو چەند بارە دەکەنەوە، ئەگەر بچنە ناو یەک خولەوە و، بکەونە بەرامبەر یەکتری و، لەناو یەک یاریگادا، ئەوکات دەردەکەوێت لەخۆشەویستی و هاندانی ڕاستەقینەیانە، یان بۆ جوڵاندنی هەست و سۆزی هاندەران و جەماوەری وەرزشیە.

ئەوەشمان بۆدەردەکەوێت کە زۆربەی وەرزشکاران کاتێک دەکەونە بەرامبەر یەکتری و دەبن بە ڕکابەرێکی سەرسەخت لە ناو یاریگاکاندا، ئەو دۆستایەتی و خۆشەویستی و برایەتی و هاوسۆزیەی لە دەرەوەی یاریگادا بەرامبەر بەیەکتری هەیانە، دەکەن بەقوربانی سەرکەوتن و شکستەکانیان، یان ڕێزو تەبایی و خۆشەویستی و هاوسۆزی و برایەتیان لەسەرووی شکست و سەرکەوتنەکانیانەوە دەبینن.