PM:04:38:05/01/2026
136 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئەو قاتەی مادۆرۆ لەکاتی دەستگیرکردنی لەبەریدا
بوو هەمان قاتەی یانەی مایۆرکایە لە لا لیگا دەیپۆشن و ئەوەش دەنگدانەوەیەکی
جیهانی هەبووە.
وێنەیەکی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دوای
دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە، کە تێیدا مادۆرۆ بە قاتێکی
وەرزشیی خۆڵەمێشییەوە دەردەکەوێت، ئەم وێنەیە تەنها وەک هەواڵێکی سیاسی نەمایەوە،
بەڵکو بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بووە ترێند و میدیا وەرزشییەکانی جیهانی بەخۆوە
سەرقاڵ کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی پەردەی لەسەر نهێنیی
پۆشاکەکەی لادا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی مارکا، ئەو قاتەی مادۆرۆ
پۆشیویەتی رێک هەمان ئەو پۆشاکە فەرمییەی یانەی ریاڵ مایۆرکای ئیسپانییە کە لە
لالیگادا بەکاری دەهێنن، ئەم بەرهەمە هی کۆمپانیای نایکە کە لە کەرەستەی دووبارە
بەکارهێنراو دروست کراوە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پۆشاکی یاریزانانی مایۆرکادا نییە
جگە لە نەبوونی لۆگۆی یانەکە لەسەر سنگی چاکەتەکە.
بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییە وایکرد کە نرخی
سێتەکەی کە نزیکەی 156 یۆرۆیە، چیتر گرنگ نەبێت لای کڕیاران و تەنها لە ماوەی چەند
کاتژمێرێکدا تەواوی کۆگاکانی نایک لەو جۆرە پۆشاکە خاڵی بوونەوە.
ئەم ڕووداوە سۆشیاڵ میدیای تەقاندەوە و بە
هەزاران میم لەسەر شێوەی پۆشینی مادۆرۆ و یاریزانانی مایۆرکا دروست بوو، ئەو قاتە
وەرزشییە کە پێشتر تەنها لە یاریگاکانی ئیسپانیا دەبینرا، بووەتە هێمایەکی جیهانی
کە سیاسەت و وەرزش و مۆدێل لە یەک خاڵدا کۆدەکاتەوە.