ئەگەری یاریکردنەوەی رۆناڵدۆ بەرامبەر مان یو هەیە

PM:02:58:24/12/2025

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مانچستەر یونایتد بەهۆی بوونی کاتی زۆرەوە لەم وەرزە پلان بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانەی پڕ قازانج لە سعودیە دادەنێت.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، گۆڕانکاریی لە کاتی یارییەکەی یونایتد بەرامبەر ئێڤەرتۆن بۆ 23ی شوبات، دەرفەتێکی بۆ شەیتانە سوورەکان رەخساندووە تاوەکو لە نێوان 10 بۆ 23ی شوبات گەشتێک بۆ سعودیە بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، یانە ئینگلیزییەکە چاوەڕێی ئەنجامی یارییەکەی بەرامبەر برایتۆن دەکات لە جامی یەکێتی ئینگلتەرا؛ ئەگەر تێیدا بدۆڕێت، ئەوا گەشتەکەی بۆ سعودیە مسۆگەر دەبێت و یارییەکی گەورەی دۆستانە ئەنجام دەدات.

سەبارەت بە رکابەری یونایتد، تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە رووبەڕووی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی ببنەوە، بەڵام بژاردە هەرە سەرنجڕاکێشەکە رووبەڕووبوونەوەی یانەی نەسڕی سعودی و کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.

ئەنجامدانی یارییەک بەرامبەر رۆناڵدۆ، جگە لە لایەنە وەرزشییەکە، لە رووی داراییەوە قازانجێکی خەیاڵی بە مانچستەر یونایتد دەگەیەنێت، ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی یانەکە بە جددی کار بۆ رێکخستنی ئەو گەشتە بکەن.