ئارتێتا: دەبێت ئەم یارییە ببێتە وانەیەک بۆ ئێمە

PM:02:20:24/12/2025

152 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئارتێتا دوپاتیکردەوە دەبێت یارییەکەی پاڵاس وەک وانەیەک تەماشا بکەن و باسی لە قورسی ئەرکی یانەکەشی کرد.

میکێل ئارتێتا پاش بردنەوەیان لە کریستاڵ پاڵاس و گەیشتنیان بە قۆناغی پێش کۆتایی جامی کاراباو رایگەیاند، سەرکەوتنیان بۆ ئەم قۆناغە دەستکەوتێکی گرنگە و دوپاتیشیکردەوە، دروستکردنی ئەو هەموو هەلە لە یاری رابردوودا وایکردبوو کە بردنەوەی یارییەکە لە کاتی ئاساییدا ببێتە پێویستی.

راهێنەرە ئیسپانییەکە جەختیکردەوە کە کاتێک ناتوانن هەلەکان بکەن بە گۆڵ، تووشی سیناریۆی لەو شێوەیە دەبن و یارییەکان دەچنە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، لەبەر ئەوەش دەبێت یاریزانەکان وەک وانەیەک سوودی لێ ببینن بۆ یارییەکانی داهاتوو.

سەبارەت بە بردنەوەیان بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە فشارێکی زۆریان لەسەر بووە، بەڵام ئەم سەرکەوتنە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ نیشاندانی کوالێتی یاریزانەکان، هەروەها وتیشی: یاریزانەکان لە کاتی جێبەجێکردنی لێدانەکاندا لەوپەڕی هێمنیدا بوون، ئەوەش وایکرد هیچ لێدانێک بەفیڕۆ نەدەین.

سەبارەت بە قورسی خشتەی یارییەکانیش وتی: بۆ دووەم وەرزە لەسەر یەک دەگەینە ئەم قۆناغە، ئێمە هەر 72 کاتژمێر جارێک یاری دەکەین و ئەمەش ماندووبوونێکی زۆر دروست دەکات، بەڵام پێویستە بەردەوام بین.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئارتێتا پەردەی لەسەر گرنگی یارییەکەی چێڵسی لادا و رایگەیاند، هەرچەندە رکابەرییەکە بەهێزە، بەڵام ئەوان ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دراوسێ لەندەنییەکەیان، دووپاتیشیکردەوە کە لە یاریگای ئیمارات هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی.