دەیڤد ئەنچیلۆتی بۆ شوێنگرتنەوەی راهێنەرێکی خولی ئیتاڵیا پاڵێوراوە

PM:12:15:24/12/2025

132 جار خوێندراوەتەوە

+ -

جیلاردینۆ نزیکە لەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی پیزا دووربخرێتەوە و دەیڤد ئەنچیلۆتی بۆ شوێنگرتنەوەی پاڵێوراوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، یانەی پیزا لە هەوڵی ئەوەدایە ئەلبێرتۆ جیلاردینۆ لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دووربخاتەوە و دەیڤد ئەنچیلۆتی، کوڕی کارلۆ ئەنچیلۆتی بکاتە راهێنەری نوێی یانەکە.

یانەکە کە ئەم وەرزە گەڕاوەتەوە بۆ سێریا ئەی، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیەوە لە بارودۆخێکی قەیراناویدایە و لە کۆی 16 یاری تەنها یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە پلەی نۆزدەیەمی ریزبەندییەکەدایە.

لاگازێتا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە گۆڵەکەی ستێفانۆ مۆریۆ لە یاری رابردوو بەرامبەر کالیاری رێگری لە دۆڕانێکی دیکە کرد، بەڵام جیلاردینۆ هێشتا لە مەترسیی دوورخستنەوەدایە و یاری داهاتووی بەرامبەر یۆڤانتۆس دەبێتە دوا دەرفەت بۆی.

لە لایەکی دیکەوە، کارگێڕی پیزا چاویان لە تواناکانی دەیڤد ئەنچیلۆتییە کە بەم دواییانە لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی بۆتافۆگۆی بەڕازیلی دوورخرایەوە، پیزا دەیەوێت لەگەڵ هاتنی مێرکاتۆی زستانە و کڕینی یاریزانی نوێ، گۆڕانکاری لە دەستەی هونەریشدا بکات بۆ ئەوەی لە مەترسی دابەزین رزگاری بێت.