فێغولی لە خولی عێراق بەڕێکرا

AM:11:43:24/12/2025

180 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فێغولی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێ تەنها پاش ئەنجامدانی شەش یاری لە یانەی ئەمانەی بەغدا دوورخرایەوە.

یانەی ئەمانە بەغدادی عێراقی بە فەرمی کۆتاییهێنانی گرێبەستی سۆفیان فێغولی جەزائیری، ئەستێرەی پێشووی یانەکانی ڤالێنسیا و وێستهام و گەڵاتەسەرای راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی یاریزانە ناوبراو نەیتوانی ئاستێکی شایستە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکەش بکات.

یانە بەغدادییەکە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بە رەزامەندی هەردوولا گرێبەستی سۆفیان فێغولی تەمەن 35 ساڵ و حەمدی عەبیدی ئەستێرەی تونسییان هەڵوەشاندووەتەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەکەش راگەیاندووە، دەستەی تەکنیکی یانەکە بەهۆی لاوازی ئاستیان لە هەفتەکانی رابردوودا، بڕیاریانداوە دەستبەرداریان بن چونکە نەیانتوانیوە ئەو کاریگەرییەی لێیان چاوەڕوان دەکرا دروستی بکەن.

فێغولی کە خاوەنی مێژوویەکی گەورەیە و لە ساڵی 2019 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای لەگەڵ جەزائیر بەدەستهێناوە، پێشتر بۆ ماوەی شەش وەرز لە لالیگا و یانەی ڤالێنسیا یاری کردووە و دواتریش لە وێستهامی ئینگلیزی و گەڵاتەسەرای تورکی درێژەی بە کاروانی وەرزشی داوە، بەڵام تەنها دوای ئەنجامدانی شەش یاری و تۆمارکردنی یەک گۆڵ لەگەڵ ئەمانە بەغداد، وێستگەی کاروانی لە عێراق کۆتایی هات.