مان سیتی نزیکە لە گواستنەوەی سێمێنیۆ

AM:10:56:24/12/2025

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چێڵسی لە گواستنەوەی سێمێنیۆ کشاوەتەوە و مان سیتیش بە تووندی چووەتە کێبڕکێی گواستنەوەی.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئەتلەتیک، یانەی چێڵسی دوای پەیوەندیکردن بە دەوروبەری ئەنتوان سێمێنیۆ، بڕیاریداوە لە ململانێی گواستنەوەی ئەو یاریزانە بکشێتەوە و لە ئێستادا متمانە بە هێرشبەرەکانی نێو پێکهاتەکەی مارێسکا دەکات، ئەمەش رێگەی بۆ یانە گەورەکانی دیکە خۆش کردووە.

فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی متمانەپێکراو رایگەیاندووە، یانەی منچستەر سیتی بە توندی هاتووەتە پێش و دەیەوێت سێمێنیۆ بکاتە گەورەترین گواستنەوەی زستانە، هەروەها هۆگۆ ڤیانا بەڕێوەبەری وەرزشی سیتیزن راستەوخۆ دەستی بە دانوستان کردووە بۆ ئەوەی پێش لیڤەرپوڵ و منچستەر یونایتد کارەکە یەکلا بکاتەوە.

لای خۆشیەوە بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، سێمێنیۆ تەنها 10 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ بڕیاردان، چونکە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کە 65 ملیۆن پاوەندە، تەنها لە 10 رۆژی یەکەمی مانگی کانوونی دووەمدا کارایە.

سێمێنیۆ بەهۆی خواستی بۆ بردنەوەی نازناوەکان، چاوی لە پەیوەندیکردنە بە یانەکەی پیپ گواردیۆلاوە، کە ئێستا لە هەموو کێبڕکێکاندا بۆ بردنەوەی نازناو دە جەنگێت و لە چامپیۆنزلیگ و خولی ئینگلتەراسدا لە بارودۆخێکی زۆر باشدایە.