شنایدەر: یامال مێسی نوێیە

PM:07:35:20/11/2025

172 جار خوێندراوەتەوە

+ -

شنایدەر رایگەیاند یامال دەتوانێت ئاستی مێسی تێپەڕێنێت و پێیوایە هەمیشە لە بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە.

وێسلی شنایدەر یاریزانی پێشووی یانەی ڕیال مەدرید لە لێدوانەکانی بۆ ئەدڤێنچەر گەیمز وتی: کاتێک لە خۆمان دەپرسین ئایا لامین یامال دەتوانێت ڕۆژێک ببێتە مێسی، بۆ من، ئەو لە ئێستاوە مێسی نوێی بەرشەلۆنەیە.

یامال هەموو ئەو سیفەتانەی هەیە کە وایلێدەکات دەست بەسەر یانە کەتەلۆنییەکەدا بگرێت، ئەوان ڕێگەی پێنادەن بڕوات، خۆیشی نایەوێت، ئەو لە یانەکەدا گەورە بووە، پێشتر دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە و بووەتە ئەستێرەیەکی گەورە، بۆچی بیر لە ئینگلتەرا یان ئەڵمانیا بکاتەوە، هیچ مانایەکی نییە بیرکردنەوەیەکی هاوشێوەی هەبێت.

شنایدەر دەشڵێت: رەنگە یامال بۆ چەندین ساڵ له بەشەلۆنە بمێنێتەوه، ڕەنگه ڕۆژێک بێت بیەوێت شتێکی جیاواز تاقی بکاتەوه، وەک ئەوەی مێسی کردی، بەڵام ئەگەر له ساڵی 2035 جارێکی تر قسە بکەینەوە، دڵنیام هێشتا درێسی بەرشەلۆنەی لەبەرە.

دوپاتیشیکردەوە، بەهرەکانی یامال سەرسوڕهێنەرن، پێموایە دەتوانێت ئاستی مێسی تێپەڕێنێت، بەڵام بۆ ئەوە پێویستی بە بەردەوامی هەیە و دەبێت بزانێت چۆن بەرەوپێش دەچێت.