خولی ئیسپانیا.. ریاڵ مەدرید کلاسیکۆی لە بەرشەلۆنە بردەوە و پێشەنگیی بەهێزترکرد

PM:08:38:26/10/2025

328 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئیسپانیا ریاڵ مەدرید کلاسیکۆی لە بەرشەلۆنە بردەوە و پێشەنگیی بەهێزترکرد.

لە یاریی کلاسیکۆ و لوتکەی هەفتەی 10ی خولی ئیسپانیا، یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بەرشەلۆنەی رکابەری سەرسەخت و مێژوویی کرد.

تایمی یەکەم، مێرەنگێ بە فشار و هێرشبرد دەستیپێکرد، کیلیان مباپێ لە خولەکی 14 گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام بە بیانووی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە.

هەشت خولەک دوای ئەم رووداوە هەمان یاریزان دووبارە دەرکەوتەوە و گۆڵی پێشکەوتنی یانەکەی تۆمارکرد و جۆش و خرۆشی لەناو هاندەران دروستکرد.

لە خولەکی 38 فێرمین لۆپێز ئەنجامەکەی بۆ بلاوگرانا هێنایەوە خاڵی دەستپێک، بەڵام ریاڵ مەدرید ریتمی خۆی تێکنەدا و لە خولەکی 43 جود بێلینگهام دووبارە گۆڵی پێشکەوتنی یانە مەدریدیەکەی نوسییەوە.

لە تایمی دووەم، بە دیارییکراوی لە خولەکی 52 کیلیان مباپێ هەلی دوو هێندەکردنی ئەنجامەکەی لە رێگەی لێدانی سزا بۆ رەخسا، بەڵام چیزنی گۆڵپارێزی بەرشەلۆنە بە سەرکەوتوویی لێدانە سزاکەی گەراندەوە.

یارییەکە بەردەوامی هەبوو، هەردوولا چەندین گۆرانکارییان ئەنجامدا بەڵام گۆڵی دیکە تۆمارنەکرا، لە بەرامبەردا پێدری یاریزانی بەرشەلۆنە لە دواساتی یارییەکە بەهۆی هەڵەیەکەوە بەرامبەر چوامینی بە کارتی سور کرایە دەرەوە.

سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سودی ریاڵ مەدرید کۆتاییهات، بەم بردنەوەی تیپەکەی ئەلۆنسۆ بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ پێشەنگی بەهێزترکرد، بەرشەلۆنەش بە 22 خاڵ لە پلەی دووەم مایەوە.