گواردیۆلا خاڵێکی لاوازی تیپەکەی ئاشکرا کرد

PM:09:57:05/10/2025

124 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گواردیۆلا دوپاتیکردەوە هەنگاو لەدوای هەنگاو باشتر دەبن و باسی لە خاڵێکی لاوازی تیپەکەشی کرد.

پاش بردنەوەیان لە برێنتفۆرد، پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی سەبارەت بەوەی بووە خێراترین راهێنەر بگاتە 250 بردنەوە لە پریمەر لیگ و پێش ئەلێکس فێرگسۆن و ئارسن ڤینگەر بکەوێت، وتی: ئەو دوو راهێنەرە بانگهێشت دەکەم بۆ ژەمی ئێوارە، پێم وایە شانازییەکی گەورەیە لەگەڵ ئەو جۆرە راهێنەرانە لەسەر یەک مێز دابنیشم، 10 وەرزە لێرەم، 250 بردنەوەش ژمارەیەکی گەورەیە، نەمدەزانی دەگەمە ئەو ژمارەیە، هەستێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە.

باسی لەوەشکرد، پاش یارییەکە هالاند زۆر ماندوو بووە، چووەتە لای و پێی راگەیاندووە، پێویستە لە گۆڵ تۆمارکردن بەردەوام بێت، وە نەشیشاردەوە پێویستە یاریزانەکانی تریشیان گۆڵ تۆماربکەن.

وتیشی: یاریزانەکانی باڵی هێرشبەری پێویستیان بە تۆمارکردنی گۆڵی زیاترە، پێویستە زیاتر وردبین بن، هەروەها دەبێت زیاتر تەواوکەر بن لە لێدانی کۆتایدا، بەڵام ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەگەینە ئەوێ، بەرامبەر برێنتفۆرد تیپەکەم زۆر یەکگرتووتر بوو، ئێمەش باشتر دەبین.

باسی لەوەشکرد، بیر لەوە ناکەنەوە بگەنە لوتکە، یاری بەدوای یاری بەپێی بارودۆخەکە دەڕۆن و باشتر دەبن، پاشان شکۆمەندی و جامەکان خۆیان بەدەست دێن.