خولی ئینگلتەرا.. چێڵسی یاریی لوتکەی لە لیڤەرپوول بردەوە

PM:10:11:04/10/2025

108 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئینگلتەرا چێڵسی بە زەحمەت و بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردنەوەی بەسەر لیڤەرپوول بەدەستهێنا.

لە یاریی لوتکەی هەفتەی حەوتەمی خولی ئینگلتەرا، یانەی چێلسی لە یاریگای ستامفۆرد بریچ میوانداریی لیڤەرپوولی کرد.

تایمی یەکەم، هەردوولا لە رووی کۆنترۆڵی تۆپ و ئاستیی یارییکردن لەیەکەوە نزیکبوون بەڵام، لە خولەکی 14 مۆیسیس کایسیدۆ تۆپێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی مامارداشڤیلی کرد و گۆڵی پێشکەوتنی بلوزی پێ تۆمارکرد، ئەو گۆڵەش بووە ناونیشانی نیوەی یەکەم.

لە تایم دووەم، یارییەکە بە گڕوتینی زیاترەوە دەستیپێکردەوە، لە خولەکی 63 کۆدی گاکپۆ یارییەکەی گەرمتر کرد و گۆڵی یەکسانبوونی بۆ لیڤەر تۆمارکرد.

دوای ئەو گۆڵە هەردوولا بەدوای پێشکەوتندا دەگەڕان، بەڵام بلوز لەو ئامانجە سەرکەوتوو بوو، لەو کاتەی ئیستیڤاو لە کۆتا خولەک گۆڵی دووەمیشی بە چێڵسی بەخشی و کۆتایی بە هەموو شتێک هێنا.

سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سودی چێڵسی کۆتایی هات، بەم ئەنجامە بلوز بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ چووە پلەی شەشەم و رێدز دووەمە بە 15 خاڵ.