خولی ئیتاڵیا.. ئینتەر میلان لە کریمۆنیزی بردەوە و بە کاتی چووە پێشەنگ

PM:09:17:04/10/2025

96 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئیتاڵیا ئینتەر میلان بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە کریمۆنیزی بردەوە و بە کاتی چووە پێشەنگ.

لە یارییەکی هەفتەی شەشەمی خولی ئیتاڵیا، یانەی ئینتەر میلان و کریمۆنیزی رووبەرووی یەکتر بوونەوە.

لە تایمی یەکەم، هەر لە سەرەتاوە ئینتەر بە ئاستی بەرزەوە دەرکەوت و لە خولەکی شەش، لاوتارۆ گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، شەش خولەکی دیکە دوای ئەو گۆڵە ئاکانجی گۆڵی دووەمیشی تۆمارکرد، بەڵام دوای گەرانەوە بۆ ڤار رەتکرایەوە.

نێرازۆری لە ئاستە بەرزەکەی بەردەوامبوو، تا ئەو کاتەی ئانج بۆنی لە خولەکی 38 گۆڵی دووەمیشی نوسییەوە، نیوەی یەکەمیش بە دوو گۆڵ لە سودی ئینتەر کۆتایی هات.

لە تایمی دووەەم، تیپەکەی کیڤۆ لە ئاستە بەرزەکەی بەردەوامبوو، دوای کۆنترۆڵکردنی یاریگا، دوو گۆڵی دیکەی لەدواییەکیان لە خولەکەکانی 55 و 57 لە رێگەی دیمارکۆ و بارێلا تۆمارکرد.

لە بەرامبەردا کریمۆنیزی تەنیا یەک گۆڵیان تۆمارکرد،ئەویش لە رێگەی فێدریکۆ بونازۆلی.

سەرەنجام یارییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سودی ئینتەر میلان کۆتایی هات، بەم ئەنجامە ئینتەر بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ بە کاتی چووە پێشەنگی ریزبەندیی.