AM:12:07:01/10/2025
112 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لە چامپیۆنز لیگ چێڵسی بە گۆڵێکی بێوەڵام شکستی بە بەنفیکا هێنا و بایرن و ئینتەر و مارسیلیاش بردیانەوە.
لە یارییەکانی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنز لیگ، چێڵسی لە یاریگای خۆیدا میوانداری بەنفیکای کرد.
لە تایمی یەکەم، لەگەڵ دەستپێک چێڵسی زیاتر کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد، لە خولەکی 18 بە گۆڵێک پێشکەوت کاتێک ڕیۆس بە هەڵە لە خۆیانی تۆمارکرد، پاش ئەوە یانەی میوان چەند هێرشێکیان برد بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە.
لە تایمی دووەم، ئاستی بەنفیکا باشتر بوو، هەوڵەکانیان بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە خستەگەڕ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و سەرەنجامیش یارییەکە بەبردنەوەی چێڵسی کۆتایی پێهات بە گۆڵێکی بێوەڵام.
لە یارییەکانی تریشدا، بایرن گۆڵبارانی پافۆسی کرد و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بە گوڵێک لێی بردەوە، ئینتەر میلانیش بە سێ گۆڵێ بێوەڵام لە سلاڤیا پراگی بردەوە، مارسیلیاش بە چوار گۆڵی بێوەڵام شکستی بە ئەیاکس هێنا.