یانەیەکی گەورە گرینوودی دەوێت

PM:08:33:28/09/2025

168 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەتلەتیکۆ مەدرید ئامادەیە بڕی 65 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەی گرینوود خەرجبکات و بیگوازێتەوە.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی پێگەی فیچاخێس یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید پاش ئەوەی لە هاوینی رابردوو سەرکەوتوو نەبوون لە گواستنەوەی مەیسن گرینوود، دووبارە هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرەکەی یانەی مارسیلیا دەستپێکردووەتەوە.

هەر بەپێی فیچاخێس، ئەتلەتیکۆ ئامادەیە 65 ملیۆن پاوەند لەگواستنەوەی گرینوودی تەمەن 23 ساڵان خەرجبکات، کە لە ریزەکانی خیتافی و پاشان مارسیلیا درەوشاوەتەوە.

ئەم هەوڵانەی تیپەکەی سیمیۆنی لەکاتێکدایە، لەم وەرزە ئاستێکی ناجێگیریان هەبووە و لە خولی ئیسپانیا پاش تێپەڕبوونی حەوت هەفتە خاوەنی 12 خاڵن، لە چامپیۆنز لیگیش یەک یارییان ئەنجامداوە و تێیدا بەرامبەر لیڤەرپول شکستیان هێناوە.

بەرپرسانی ئەتلەتیکۆ دەیانەوێت بە گواستنەوەی هێرشبەرەکە لە زستاندا، بەشێک لە کێشەکانی هێڵی پێشەوەیان چارەسەر بکەن و لەم وەرزە ئاستێکی باش پێشکەش بکەن و بەلایەنی کەمەوە بتوانن نازناوێک بەدەستبهێنن.